کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمین پەرداڵ بەندکراوی سیاسیی بەلووچ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا

08:58 - 6 خەزەڵوەر 2726

ئەمین پەرداڵ، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی ئێرانشاری بەلووچستان، دوای دەسبەسەرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە و لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و مەترسیی جێبەجێکردنی ئەم سزایەی لەسەرە.

هەواڵدەریی "حاڵوەش" ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەر، ڕایگەیاند، ئەمین پەرداڵ لە ١٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ـەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی بەسیج چوونە سەر ماڵی یەکێک لە خزمەکانی لە ئاوایی عەلی‌ ئاباد، بێسەروشوێن کراوە.

نزیکەی حەفتەیەک دواتر، بنەماڵەی پەرداڵ ئاگادار بوونەوە کە ناوبراو بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی» لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ زاهێدان گواستراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی حاڵوەش، بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای نزیکەی دوو مانگ بێئاگایی لە دۆخی کوڕەکەیان، توانیویانە چاویان بە ناوبراو بکەوێت.

لەم چاوپێکەوتنەدا، شوێنەواری شینبوونەوە و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەلووچەوە بەڕوونی بینراوە.

حاڵوەش ڕایگەیاندووە کە پەرداڵ لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا، کەوتووەتە بەر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی و لەژێر گوشاردا بووە و لە ڕێگەی دانپێدانانی زۆرەملێوە تۆمەتی "ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی" و "هاوبەشبوون لە کوشتنی مەحموود حەقیقەت‌دووست، فەرماندەی بنکەی پۆلیسی ناوچەی شەردراز سەر بە ئێرانشار"ی خراوەتە پاڵ.

بنەماڵەی پەرداڵ ئەو تۆمەتانەیان ڕەت کردوونەتەوە کە وەپاڵ کوڕەکەیان دراون.

بە وتەی کەسوکاری، ناوبراو لە کاتی ئاماژەپێکراودا لە ئاوایی عەلی ئاباددا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی ئامادە بووە و خەریکی کاری بەرگدووری بووە و لەو ڕووداوەدا هیچ ڕۆڵێکی نەبووە.