لە درێژەی ڕەفتارە تێکدەرانەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا، دامەزراوەی ناسراو بە "بەڕێوەبەریی ڕێڕەوی کەنداو"ی سەر بە ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەی کرد کە لە ١٠ی خەزەڵوەرەوە ڕێکاری توند و سزای یاسایی دژی سەرجەم کەشتییەکانی کۆمپانیای کۆرەی باشووری "سینۆکۆر" (Sinokor)دەگرێتە بەر.
ئەم ناوەندە دەستکردەی ڕێژیم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ڕێکەوتی ١٠ی خەزەڵوەروە ڕێکاری یاسایی و سزادان دژی سەرجەم کەشتییەکانی کۆمپانیای سینۆکۆری کۆرەی باشوور دەگرێتە بەر، بەو پاساوەی کە گوایە ڕێساکانی تاران لە گەرووی هۆرمۆزدا دەبەزێنن.
کۆمپانیای "سینۆکۆر" گەورەترین کۆمپانیای خاوەنی نەوتهەڵگری زەبەڵاح لە جیهاندایە، کە ئێستا ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕێژیم بووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری "سیترید ماریتایم"، تەنیا لە مانگی ڕابردوودا چەندین نەوتهەڵگری زەبەلاحی ئەم کۆمپانیایە وەک "سێنێگاڵ پراسپریتی" و "ئانگولا پراسپریتی" لەژێر گوشاردا بوون، لەکاتێکدا کەشتیی "سێنێگاڵ پراسپریتی" پێشتر لە مانگی خەرماناندا لە کاتی تێپەڕبووندا کەوتە بەر پەلامار و مووشەکبارانی هێزەکانی سەر بە ڕێژیم.
ئەم هەڕەشە توندانەی تاران لەکاتێکدایە کە لەلایەکەوە باڵیۆزی ڕێژیم لە کۆرەی باشوور لە لێدوانێکی چەواشەکارانەدا وتی کە کۆماری ئیسلامی بە هیچ شێوەیەک خوازیاری داخستنی گەرووی هۆرمۆز یان شەڕ نییە و لە لایەکی ترەوە بە ئاشکرا هەڕەشە لە گەورەترین هێڵی کەشتیوانیی جیهان دەکات.