کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گروسی: چارەنووسی ٤٤٠ کیلۆگرەم ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نادیارە

10:02 - 6 خەزەڵوەر 2726


لە درێژەی داپۆشینی زانیارییەکان و پەردەپۆشکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، "ڕافائێل گروسی"، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هۆشداریی دا کە ئەم دامەزراوەیە تا ئێستاش ناتوانێت شوێن، ڕادە و چارەنووسی ڕاستەقینەی پتر لە ٤٤٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدیی ئێران پشتڕاست بکاتەوە.

گروسی لەم کۆبوونەوەیەدا کە لەسەر داوای وڵاتانی ئەمریکا، فەرانسە، بریتانیا، دانمارک، لێتۆنی و بەحرەین پێکهاتبوو، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە بە بێ درەنگکەوتن سەردانی پشکێنەرانی ڕێکخراوەکە قەبووڵ بکات و دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆیان بۆ بنکە و زانیارییە ئەتۆمییەکان بۆ دابین بکات تا بتوانن ڕاستیی بەڵێنە یاساییەکانی تاران پشتڕاست بکەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە پێنج ساڵە پرسیارە بنەڕەتییەکانی ئاژانس سەبارەت بە پرسی پادمانی بێوڵام ماونەتەوە و سەرباری ئامادەیی پشکێنەران، تاران ڕێگەی بە دەستپێکردنەوەی ئاسایی بەڕێوەبردنی پشکنینەکان لە ناوەندە سووتاوەکان و تەنانەت ناوەندە ئاساییەکانیشدا نەداوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس ڕایگەیاند کە تەنیا بنکەی ئەتۆمیی بووشێهر لەم ڕێگرییانەی تاران بەدەر بووە و پشکێنەرانی ئاژانس تێیدا سەرقاڵی چاوەدێرین.

ناوبراو داوای لادانی ڕێگرییەکانی بەردەم پشکنینی ناوەندی ئێسفەهانی کرد و پێشنیاری کردەوە کە ڕێککەوتنی مانگی سێپتامبری ۲۰۲٥ی قاهیرە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی پلەبەپلەی ڕێگرییە ئەمنییەتییەکانەوە، بەستێنی پشکێنەران بۆ ناوەندەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ڕێئاکتۆری ئاوی قورسی خەنداب خۆش بکات.

ئەم قسانەی گروسی لەکاتێکدایە کە نوێنەری ڕێژیمی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هێنانەوەی پاساوی بەسەرچوونی بڕیارنامەی ٢٢٣١ لە مانگی ئۆکتۆبری ۲۰۲٥، هەوڵی دا ڕەوایی دادگاییکردنی ڕێژیم لە شۆرای ئەمنییەتدا بباتە ژێر پرسیارەوە و لە بەرانبەردا، وڵاتانی ڕۆژاوایی جەختیان لەسەر بەردەوامیی سەپاندنەوەی سزاکان و بەڵێنە یاساییەکانی تاران کردەوە.