کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: کۆتایی شەڕ بەدەستی منە؛ گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسم هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

10:09 - 6 خەزەڵوەر 2726

دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە وتارێکدا لە ویلایەتی تێگزاس، جەختی کردەوە کە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران "بە خێرایی زۆر" و لەژێر بڕیار و کۆنتڕۆڵی ئەو کۆتایی پێ دێت.

ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم شەڕە کاتێک کۆتایی دێت کە ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەمریکا، بەتایبەت دەستەبەرکردنی بێبەشکردنی یەکجاریی کۆماری ئیسلامی لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی، بەتەواوی بێنە دی.

ترامپ بە بەراوردکردنی ئەم سەرکەوتنە لەگەڵ کردەوە سەربازییەکانی واشنگتۆن لە ڤێنێزوئێلا جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی گەورەترین پشتیوانی دەوڵەتیی تێرۆریسم لە جیهاندایە و ناکرێت ڕێگەی پێ بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕەخنەی توندی لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی سەردەمی باراک ئۆباما (بەرجام) گرت و بە کارەساتێکی گەورەی ناو برد کە بە ڕەوانەکردنی چەندین میلیارد دۆلار پارەی نەخت بۆ تاران، ڕێگەی بەرەو چەکی ئەتۆمی بۆ ئەو ڕێژیمە خۆش کردبوو. سەرۆککۆماری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی وڵاتەکەی توانای پیتاندنی ئەتۆمیی ئێرانیان لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وەک "چەکوشی نیوەشەو" و "تووڕەیی حەماسی" وێران کردووە و ڕێژیمی ئێرانیان لە بارودۆخێکی داڕماودا هێشتووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترامپ جەختی کردەوە کە ئەمریکا دەستپێکەری شەڕ لەگەڵ تاران نەبووە، بەڵکوو کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ۱۹۷۹ەوە شەڕی دژی ئەمریکا ڕاگەیاندووە و لە ڕێگەی کردارە تێرۆریستییەکانی هێزی قودس و بە فەرماندەیی قاسم سولەیمانی، بووەتە هۆی کوژران و کەمئەندامبوونی سەدان سەربازی ئەمریکایی.

لە کۆتاییدا ترامپ وێڕای ستایشکردنی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێگەی بەهێزی ئێستای واشنگتۆنەوە، تەواوی ڕێژیمە تێکدەرەکان لە ناوچەکە و جیهاندا ڕوویان لە لاوازی و داڕمان کردووە.