دوابەدوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی ئیسرائیل لە ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەر و جیاکردنەوەی بەشێک لە دەنگەکان، "بێنیامین نێتانیاهوو" و "گادی ئایزنکۆت" سەرباری هەڵکشانی ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران، تا ئێستا نەیانتوانیوە زۆرینەی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست بهێنن.
کۆمیتهی ناوەندیی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی بەشداریی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا گەیشتووەتە ٧٧.٧ لەسەد؛ ئامارێک کە بە بەرزترین ئاست لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ئەژمار دەکرێت و بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٧ لەسەد زیادی کردووە. ئەمە یەکەم هەڵبژاردنی گشتییە لە دوای هێرشەکانی ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.
نەخشەی سیاسیی پارلەمان (کنێست) و دابەشبوونی کورسییەکان نیشان دەدات کە تا ئێستا هیچکام لە بەرەی ڕاستڕەوان و بەرەی ئۆپۆزسیۆن ڕێژەی پێویستیان (٦١ کورسی لە کۆی ١٢٠ کورسی) بۆ پێکهێنانی دەسەڵات مسۆگەر نەکردووە.
بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئیسرائیل و هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، لەگەڵ جیاکردنەوەی نزیکەی ٧٦.٨ لەسەدی دەنگەکان، پێشبینییەکان بەم شێوەیەن کە بەرەی نێتانیاهوو ٥٦ کورسی، بەرەی ئایزنکۆت (حیزبی یاشار) ٤٨ کورسی و حیزبە عەرەبییەکان ١٩ کورسییان بەدەست هێناوە.
جیاکردنەوەی دەنگەکان تا ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت و گۆڕانکاریی زیاتر لە دابەشبوونی کورسییەکاندا ڕوو دەدات.