کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاری ورمێ بۆ گەیشتن بە پێوەری پەروەردەیی ستاندارد، پێویستی بە ٢٥٥ قوتابخانەی نوێ هەیە

12:52 - 6 خەزەڵوەر 2726

بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە، پەرەپێدان و ئامێرەکانی قوتابخانەکانی شاری ورمێ ڕایگەیاند کە ئەو شارە بۆ گەیشتن بە پێوەرە پەروەردەییە پێویست و ستانداردەکان، پێویستی بە دروستکردنی ٢٥٥ قوتابخانە هەیە.

عارف خدرلوو، بەڕێوەبەری گشتیی نۆژەنکردنەوە، پەرەپێدان و ئامێرەکانی قوتابخانەکانی شاری ورمێ، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەزەڵوەڕ، لە کۆبوونەوەی لێکۆڵینەوە لە دۆخی بۆشاییە پەروەردەییەکانی شاری ورمێدا ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا ٢٥ قوتابخانە کەوتوونەتە گەڕ و کاری جێبەجێکردنی ٥٣ قوتابخانەی تریش بەڕێوەیە.

ناوبراو بودجەی پێویست بۆ دابینکردنی ئەم پێویستییەی بە نزیکەی ٩ هەزار میلیارد تمەن ڕاگەیاند.

خدرلوو، پەرەپێدانی بۆشاییە پەروەردەییەکانی بە یەکێک لە گرنگترین وەبەرهێنانەکان بۆ داهاتووی کۆمەڵگە زانی و ڕایگەیاند کە دروستکردنی قوتابخانە تەنها خۆی لە دروستکردنی باڵەخانەیەکدا نابینێتەوە، بەڵکوو هەنگاوێکی بنچینەییە بۆ گەشەپێدانی بەهرەکان، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی قوتابییان، بەهێزکردنی هیوای کۆمەڵایەتی و ڕەخساندنی هەلی یەکسانی پەروەردەیی بۆ نەوەی داهاتوو.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە تەواوکردنی بۆشاییە لاوەکییەکان و حەوشەی قوتابخانە، لە پاڵ دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەییدا، ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو، سەلامەت و دڵخواز بۆ ئامادەبوونی قوتابییان و چالاکیی پەروەردەیی دەگێڕێت.

قەهرەمان عیوەزلوو، هەروەها چاودێریکردنی ئامادەبوون و چالاکیی مامۆستایان، بەتایبەت لە قوتابخانە گوندنشینەکاندا، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی سەلامەتی و ستانداردکردنی قوتابخانەکان و بەهێزکردنی بەشداریی خێرخوازانی دروستکەری قوتابخانەی بە پێویست زانی.

بەرزکردنەوەی کوالێتیی بۆشاییە پەروەردەییەکان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و ستاندارد بۆ خوێندنی قوتابییان، پێویستی بە گرنگیدانی جیددی و بەشدارییەکی هەمەلایەنە هەیە.

هاوکات فەرمانداری ئەو شارە داوای لە خێرخوازانی دروستکەری قوتابخانە کردووە کە لە ڕەوتی نۆژەنکردنەوە دروستکردنی قوتابخانەکاندا ڕۆڵ بگێڕن، ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەوە ئەرکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کە خەم لە کەموکۆڕی قوتابخانەکان بخوات نەک خێرخوازان.