کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداری سەبارەت بە لەنێوچوونی یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار هەلی کار لە ئێران

12:53 - 6 خەزەڵوەر 2726

لە سایەی بەردەوامیی داڕمانی ئابووری و شکستی سیاسەتەکانی حوکمڕانی لە ئێراندا، جێگری وەزارەتی کاری ڕێژیم هۆشداریی دا کە لە ئەگەری بەردەوامیی گەشەی نەرێنیی ئابووری، زیاتر لە یەک میلیۆن و ٤٠٠ هەزار هەلی کار تا کۆتایی ئەمساڵ لەنێو دەچن.

مالک حوسێنی، جێگری پێشخستنی کارئافەرینی و دامەزراندن لە وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم، ڕایگەیاند کە گەشەی ئابووریی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا بە ئەژمارکردنی نەوتەوە، نەرێنیی ٤.٦٪ و بێ‌ئەژمارکردنی نەوت، نەرێنیی ١٠٪ تۆمار کراوە و ژمارەی بێکارانی وڵات بە نزیکەی دوو میلیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس خەمڵێندراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بە هەر یەک لەسەد دابەزینی گەشەی ئابووری، بە نێونجی ١٧٠ هەزار هەلی کار لەنێو دەچن.

بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، ژمارەی کرێکارانی بیمەکراو لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە تا کۆتایی گەلاوێژ، بە ڕێژەی یەک میلیۆن و ١٥٠ هەزار کەس کەمی کردووە و ٣٠٠ هەزار کەسی تریش بۆ سەندنی یارمەتیی بێکاری زیاد بوون.

لەلایەکی تریشەوە، سەرۆکی لێژنەی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاند کە لە دەستپێکی شەڕی ١٢ ڕۆژەوە زیاتر لە یەک میلیۆن و ٧٠٠ هەزار کرێکار لە ئێران بێکار بوون.

لە بارودۆخێکدا کە کرێکاران و خانەنشینکراوان بەهۆی گرانی و نەبوونی بیمە و خزمەتگوزارییەوە بەرەوڕووی هەژاریی توند بوونەتەوە، کاربەدەستانی ڕێژیم لە جیاتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان، درێژە بە سیاسەتە شەڕخوازانەکانی خۆیان دەدەن.