کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیگوت: ڕێژیمێک دەیان هەزار هاووڵاتیی خۆی بکوژێت، نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی

10:49 - 11 رەزبەر 2726

وەزارەتی دەرەوەی ئه‌مریکا، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە کۆشندەیی و توندوتیژیی بێئەژمار بەرانبەر هاووڵاتییانی خۆی تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند ڕێژیمێک کە دەیان هەزار کەس لە خەڵکی خۆی کۆمەڵکوژ کردووە، بە هیچ شێوەیەک نابی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

تامی پیگوت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کاناڵی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئێران لە ئاستی جیهان و سەرکوتکاریی نێوخۆیی، سەلمێنەری دروستیی سیاسەت و گوشارە هەمەلایەنەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە دەستپێگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمین.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە دەستڕاگەیشتنی ڕێژیمێکی لەو جۆرە بە چەکی ئەتۆمی، ئاکامی وێرانکەری بۆ ئەمنییەتی ناوچەکە و جیهان دەبێت.

ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ لێدوانە توندەکانی پێشووی دۆناڵد ترامپ بەرانبەر تاران؛ کاتێک لە وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران، ئاماژەی بە بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ کردبوو.

ئەم لێدوانانە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ توندتربوونی سیاسەتی واشنگتۆن بە مەبەستی تێکشکاندنی توانای ئەتۆمی و کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدان.