کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەی هەڵاوسان لە ئێران؛ هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ گەیشتە ٨٨.٧ لەسەد

12:55 - 6 خەزەڵوەر 2726

لە درێژەی داڕمانی ئابووری و دابەزینی توندی توانای کڕینی هاووڵاتییان لە سایەی سیاسەتە ماڵوێرانکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ناوەندی ئاماری ئێران ڕێژەی هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ مانگی ڕەزبەری ۱۴۰۵ی بە ٨٨.٧ لەسەد ڕاگەیاند؛ بەم مانایە کە بنەماڵەکان بۆ دابینکردنی هەمان کەلوپەل و خزمەتگوزاری، نزیکەی ٨٩ لەسەد زیاتر لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو تێچوویان داوە.

ئەم ئامارە لە گوندەکاندا گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار و ۱۰۷ لەسەدی تۆمار کردووە، واتە نرخەکان لە گوندەکاندا لە ماوەی یەک ساڵدا زیاتر لە دوو بەرانبەر هەڵکشاون.

بەپێی ڕاگەیەندراوی جێگری ئابووریی ناوەندی ئاماری ئێران، هەڵاوسانی مانگانەی ڕەزبەر ٤.٤ لەسەد و هەڵاوسانی ساڵانە ٧٦.٨ لەسەد بووە. هەروەها پێوەری نرخی بەکارهێنەر گەیشتووەتە ٧٦١.٨.

ئامارەکان ڕوونی دەکەنەوە کە بارگرانیی قەیرانی ئابووری لەسەر شانی گوندنشینان زۆر قورستر بووە؛ هەڵاوسانەی خاڵبەخاڵ لە ناوچە شارییەکان ٨٥.٥ لەسەد و لە گوندەکان ١٠٧ لەسەد تۆمار کراوە. هەڵاوسانی ساڵانەی گوندەکان ٩٢.٣ لەسەد و هەڵاوسانی مانگانەیان ٤.٦ لەسەد تۆمار کراوە، کە بەراورد بە ناوچە شارییەکان لە ئاستێکی بەرزتردایە.

لەنێو گرووپە سەرەکییەکاندا، فێرکاری و پەروەردە بە بەرزبوونەوەی مانگانەی ٢٣.٥ لەسەد زۆرترین هەڵکشانی نرخی تۆمار کردووە و لە دوای ئەویش گواستنەوە بە ١٠.٧ لەسەد ڕیزبەندی بووە.

بە بەراورد لەگەڵ ڕەزبەری ساڵی ڕابردووش، تووتن ١٦٣.٢ لەسەد، کەلوپەلی ناوماڵ ١٢٨.٩ لەسەد و گواستنەوە ١٢٨ لەسەد گرانتر بوون.

کەمبوونەوەی هەڵاوسانی خاڵبەخاڵ لەچاو مانگی خەرمانان بە مانای هەرزانبوون نییە، بەڵکوو نرخەکان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدان و هەڵکشانی هەڵاوسانی ساڵانە بە ڕێژەی ٣.٢ یەکەی لەسەد، نیشاندەری قووڵتربوونەوەی بێوچانی هەژاری و ڕووخانی توانای دارایی بنەماڵەکانە.