کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مای ساتۆ: حکوومەتی ئێران هیچ ڕێگەیەکی یاسایی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی نەهێشتووەتەوە

07:59 - 7 خەزەڵوەر 2726

مای ساتۆ، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ڕایگەیاند کە سنووردارکردنە یاساییەکان و مەرجە ئەمنیتییەکانی حکوومەتی ئێران، هیچ ڕێگەپێدانێکی یاسایی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی نەهێشتووەتەوە و چوار دەیە لە سەرکوتکردن، تەنها ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێرانی قووڵتر کردووەتەوە.

مای ساتۆ ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی پێوەرە توندەکان و پێویستیی وەرگرتنی مۆڵەت، هەموو شێوازێکی ناڕەزایەتی لە ئێراندا بە «نایاسایی» لەقەڵەم دەدرێت.

بە وتەی ناوبراو، لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤دا، لانیکەم ٣٤ کەس لە سێدارە دراون کە جێبەجێکرانی پێنج حاڵەتیان لە شوێنی گشتی بووە.

هەروەها باسی لە دادگاییەکی نادادپەروەر کرد کە تێیدا ٣٤ کەس کە تەنیا پێنج ڕۆژدا دادگایی کراون و ۱۲ کەسیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تەنانەت دەسەڵاتدارانی ئێران لە کاتی پێکدادانە سەربازییەکان و شەڕیشدا، پرۆسەی لەسێدارەدان و سەرکوتی ناوخۆییان نەوەستاند.

لە هەمان کاتدا، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ڕایگەیاند کە زۆرێک لە پێشێلکارییە زەقەکانی مافی مرۆڤ لە ئێراندا دەچنە چوارچێوەی "تاوانی دژی مرۆڤایەتی" و  هێرشەکان بۆ سەر میناب و لامەرد کە بووە هۆی کوژرانی دەیان منداڵ و کەسی ئاسایی، دەکرێت وەک «تاوانی شەڕ» لەقەڵەم بدرێت.

سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤیش، ڕاپۆرتەکە لەسەر بەردەوامیی پێشێلکارییەکان دژی ژنان، وەک جێبەجێکردنی ناچارکردنی حیجابی زۆرەملێ لە ڕێگەی داخستنی کافە و فرۆشگاکانەوە، و هەروەها هەڵاواردن دژی کەمینە نەتەوەیی و ئاینییەکان هۆشداریی دا.

هاوکات، هەردوو ناوەندی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر پەرەسەندنی "سەرکوتی سەروو نەتەوەیی" و هەڕەشەکردن لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران هشدارییان دا و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ ڕێگریکردن لەم پێشێلکارییانە و پاراستنی گیانی ڕۆژنامەوانان، هەنگاوی بەپەلە بنێن و ڕێگری لە بەردەوامیی لەسێدارەدانەکان بکەن.