دارسمە
مەرجی بەردەوامبوونی هەر دەسەڵاتێک، لێزانی و تێگەیشتنە لە هونەری هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ خودی دەسەڵاتدا؛ لانیکەم ئەوە قسەیەکە کە سیاسەتمەدار و شتی وا دەیڵێن. دیارە دەسەڵاتیش «تاریف و ماریف» و «پێناسە و مێناسە»ی تایبەت بە خۆی هەیە. لێرەدا من هیچ خۆم بە ناچار نازانم بچمە نێو ئەو وردەکارییانەوە، چونکە لە بنەڕەتدا تاریف و ماریف و پێناسە و مێناسە بوونیان نییە و تەنیا یاریکردنە بە وشەکان. باشیش دەزانم دوو وشەی وەک «تاریف و ماریف» وشەی دوانەن، ئەوەی دواتریان بێ ئەوەی پێش خۆی، هیچ مانایەکی نییە و تەنیا بۆ پڕکردنەوەی ڕستە بەکار دێت. بەڵام «پێناسە» و «مێناسە» بۆ ئەوە دەبن کەمێک لێیان ورد ببیتەوە و بە شێوازێکی فەلسەفی شرۆڤەیان بکەیت، ئەویش تەنیا لە حاڵەتێکدا کە دەعبای خۆسانسۆری ئیزنت بدات و لەمە زیاتر مەودای قسەکردنت لێ بەرتەسک نەکاتەوە.
ئەوەی لێرەدا پێویستە وەک گرێکوێرەیەک زەق بکرێتەوە، پرسی «سیاسەت»ـە. لەم وڵاتەدا هەموو کەس؛ بە زانا و نەزان، کەمزان و زۆرزان، پسپۆڕ و ناپسپۆڕەوە، یەک قسەی نەگۆڕیان هەیە و دەڵێن: «سیاسەت قووڵە!» وەباڵ بە ئەستۆی بەندەی موخلیستان بێت، ئەوە ئاسانترین، سەربڕترین و لە هەمان کاتدا قووڵترین شرۆڤەیە کە بۆ چەمکی سیاسەت کرابێت.
لەم گێژاوەدا، «کابینە» و «دیپلۆماسی»ش دوو وشەی قووڵ و قورس و قایمن و بە توندی بە سیاسەتەوە گرێ دراون. دیارە ئەوانەی لە بەندەی موخلیستان زۆر باشتر لەم سیاسەت و میاسەتە تێدەگەن، دەڵێن گوایە دیپلۆماسی بەشێکە و سەر بە کابینەیە. ئەوان دەیانهەوێت بەو قسانە پێمان بسەلمێنن سەرەتا کابینەیەک پێک دێت، کۆمەڵێک خەڵک بە ناوی «وەزیر و مەزیر» و «جێگر و مێگر» و بەڕێوەبەری گشتی و شتی وا دادەنرێن، پاشان قۆناغی دیپلۆماسی دەست پێ دەکات. لەو نێوەندەشدا «کەللا و کەیخودا» و «دەمڕاست و دەملەپێش»ی دیپلۆماتان، خودی وەزیری دەرەوەیە و، ئەوانی دیکەش بەپێی توانا و پۆستەکانیان، دەمەلاسکێی وەزیری دەرەوە دەکەن و گوایە خەریکی دیپلۆماسی دەبن.
بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ بە ئێمە چی لەم کابینەیەدا کێ دەمڕاستە و کێ خەریکی دەمەلاسکێیە؟ ئەوەی بۆ ئێمە وەک هاووڵاتی گرینگە، پڕۆژەی «بچووککردنەوەی کابینە»یە؛ ئەویش ڕێک لە کاتێکدا گەمارۆکانی ئەمریکا ڕۆژ بە ڕۆژ وەک پەتێکی خنکێنەر دێن و بەرتەسکتر دەبنەوە. ئەمریکاش بێ ئەوەی یەک زەڕڕە دە خەمی گرانبوونی دۆلارەکەی خۆی دابێت، هەر خەریکە قڕان دە قڕانی ئێمە دەخات و ئابوورییەکەی کردووین بە وێرانە.
لە وەها هەلومەرجێکی سەختدا، کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وڵات لە پێناو دابینکردنی «ئاوی ترێ و سێو» و شتی وا بۆ جەماعەتی «جان فیدا»، لە هەموو شتێک پێویستترە!
لێرەدا بەو زانیارییانەوە، زۆر زیاتر لە جاران هەست بە پێویستیی بچووککردنەوەی کابینە دەکەین، بێگومان ئەوانەی ئابووریزانیشن، لە قووڵایی کارەساتەکە تێدەگەن و زیاتر هەستی پێ دەکەن.
هەر لەبەر ئەم ڕاستییە تاڵانەش بوو ئاغای موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەم هەلومەرجە هەستیارەدا کتوپڕ دەستی لە کار کێشایەوە. ئاوا دەبێت ئابووریزان و سیاسەتوان و دیپلۆماتکارێکی ڕاستەقینە! کاک موحسین لە ژوورە تاریکەکانەوە هەموو لایەکی ئابووریی بابەتەکەی لێکداوەتەوە و باش دەزانێت نەوتی ئێران بە فەرمی نافرۆشرێت. ئەگەر بە قاچاغیش بشفرۆشێت، ئەوە ئەو وەک وەزیر بوونەوەرێکی زیادەیە و پێویست بە مانەوەی ناکات؛ چونکە ئەوە جەماعەتی چەکداری پارێزەری دەسەڵاتن و خۆیان نەوتەکە دەفرۆشن و زۆر لە وەزیریش باشتر دەزانن داهاتەکەی چ لێ بکەن.
ئەگەر سەیری پشتەوەی ئەم هەموو ڕووداوانە بکەین، دەبینین تەنانەت بەر لە دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتیش، خودی سەرۆکی دەوڵەت، یانی سەرۆکی کابینە، چەندین جار هەوڵی داوە دەست لە کار بکێشێتەوە. مەسعوود پزشکیان وەک سەرۆککۆمار کە گوایە سەر بە باڵی ڕیفۆرمخوازانی نێو دەسەڵاتە، بەتایبەت لە ماوەی ئەم چەند مانگەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆککۆمار، بە گۆشت و ئێسقان هەستی بەوە کردووە لەم وڵاتەدا کابینە شتێکی زیادەیە. ئەو گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی هەر پێویست ناکات ئەم هەموو خەڵکە بە ناوی «وەزیر و گزیر» و «کوێخا و دەمڕاست» لە دەوری یەک کۆببنەوە و بێهوودە دەم بخەنە تووربێنی بەتاڵەوە.
لە کاتێکدا سەرۆککۆمار لەسەر دەستلەکارکێشانەوە پێداگرە و نائومێد بووە، وەزیری دەرەوە وەک دەمڕاست و کەیخودای دیپلۆماسیی وڵات، پێی وایە دەبێ کابینە جێبهێڵێت و لەگەڵ برادەرانی سەرووتردا، سیاسەتی شەڕە مشک و پشیلەی خۆیان لەگەڵ وڵاتانی جیهاندا درێژە پێ بدەن. هەر لەم گێژاوی دیپلۆماسییەشدا، نابێت لەبیرمان بچێت لەم دواییانەدا چەند کەسێکی دژەدیپلۆماسی و «از خدا بیخبر»، دەستێکیان بە ماڵی باڵیۆزی فیلیپین لە تاراندا هێناوە و هێندێک زێڕ و زەمبەریان دزیوە؛ بەم کارەشیان دەیانهەوێت ئەو تۆزە ئابڕووەی بۆ بەشی ئابووری و دیپلۆماسیی وڵات ماوەتەوە، بەیەکجاری بیبەن و بیسڕنەوە.
بەڵام با ڕاستگۆ بین، ئەمانە هیچیان کار لە ورە و موقاومەتی «امت همیشه در صحنه» ناکەن! ئەگەر حکوومەت بڕووخێت، کابینە و مابینەش نەمێنێت، بەشێکی بەرچاوی ئەو جەماعەتە کە پێیان دەڵێن «مردم جانفدا»، ڕێک وەک ڕۆنی سووتاوی ئۆتۆمبێل دەڕژێنە سەر بەشێک لە شەقامان، پێوەی دەنووسێن و بە هیچ جۆرێک لێی نابنەوە و خاوێن ناکرێنەوە. ئەمەیە ڕاستەقینەکەی دەسەڵات لە وڵاتی ئێمە.