کولێژی ئەمریکایی "میدڵئیست فۆرۆم" لە شیکارییەکی ستراتێژیدا بە قەلەمی "ست دی. کاپلان" ڕایگەیاندووە کە گوشارە سەربازی و ئابوورییەکان هاوسەنگیی هێزیان گۆڕیوە، بەڵام بۆ دەربازبوونی سیاسیی بەردەوام، دەبێت هاوپەیمانیی دەسەڵاتداری سەر بە سپای تێرۆریستیی پاسداران تێکبدرێت.
بەپێی ئەو وتارە، ڕێژیمە سەرەڕۆکان تەنیا بە ناڕەزایەتیی گشتی ناڕووخێن، بەڵکوو کاتێک دادەڕمێن کە بڕوای بازنەی نێو دەسەڵات بە مانەوەی ڕێژیم شڕ بێت و جێگرەوەیەکی باوەڕپێکراو سەرهەڵبدات.
کاپلان چوار ئامانجی تەواوکەر بۆ گۆڕانی سیاسی پێشنیار دەکات: "دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی یەکگرتوو، دروستکردنی کەلێن لە هاوپەیمانیی دەسەڵاتداردا، دەسبەسەرداگرتنی گۆڕەپانی زانیاری و کێبڕکێی ئابووری لە ڕێگەی گەمارۆی ئامانجدار."
سپای تێرۆریستیی پاسداران وەک تۆڕێک پێناسە کراوە کە دەزگا ئەمنی، ئابووری و سیاسییەکانی بە یەکەوە بەستووەتەوە؛ لەبەر ئەوە، سڕینەوەی کەرەستە یان فەرماندەکان بە تەنیا نابێتە هۆی داڕمانی پێکهاتەی دەسەڵات.
لەم گەڵاڵەیەدا، نووسەر پێشنیار دەکات بۆ ئەوەی دژبەران بتوانن ڕێکبخڕێن و توانای ئیدارەکردنی وڵات نیشان بدەن، دەبێت ناوچەی ئەمن لە نێوخۆی ئێراندا دروست ببێت.
کاپلان بە تایبەتی ئاماژە بە بەشێک لە کوردستان و بەلووچستان وەک خاڵی ئەگەریی دەستپێکی ئەم ستراتێژییە دەکات.
بە بڕوای ئەو، بەهاداریی ئەم ناوچانە لە بەرفراوانییاندا نییە، بەڵکوو لە ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ ڕێکخستن، یارمەتیدانی خەڵک، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و نیشاندانی توانای حوکمڕانی.
هاوکات هۆشداری دەدرێت کە دوورەپەرێزکردنی ئەم بنکانە لە ناوچەکانی نەتەوە بێبەشەکان دەتوانێت ڕەوایەتیی نەتەوەیی ئۆپۆزسیۆن سنووردار بکات؛ لەبەر ئەوە دەبێت ئەم نەخشەیە بەرەو ناوچە ناوەندییەکان پەرە بسێنێت تا بانگەشەی ڕێژیم سەبارەت بە جیاخوازی پووچەڵ بێتەوە.
ئەم گەڵاڵەیە جەخت لەسەر پاراستنی وەزارەتخانەکان، دادگاکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دەکاتەوە تا دەزگای ئیدارەکردنی وڵات تووشی داڕمان نەبێت. جیاکردنەوەی بەرپرسانی سەرکوت لە کارمەندانی ئاسایی و بەشداریی سەرجەم نەتەوە بێبەشەکان و توێژەکان، بنەمای جێگیرکردنی سیستەمێکی دێموکراتیکە لە ڕۆژی دوای کۆماری ئیسلامیدا.