بەبۆنەی ٨ی ڕەزبەر، ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی، "گرووپی بەدواداچوونی بەڵگەنامەی ئۆسلۆ" پێکهاتوو لە ١٣ حیزب و ڕێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن (لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پژاک و کۆمەڵە)، بانگەوازێکی هاوبەشیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵمەتێکی سەرانسەری بڵاو کردەوە.
واژۆکەران داوای ئازادیی دەستبەجێ و بێمەرجی بەندکراوانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە ئەشکەنجە و ڕاگرتنی خێرای حوکمی سێدارەیان کردووە.
لەم بانگەوازەدا داوا لە لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و هاووڵاتییان کراوە کە بە بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی بەندکراوان، ئازادیی ئەوان بکەنە داخوازییەکی گشتی.
هاوکات جەخت لەسەر دۆخی نالەباری بەندکراوانی حوکمی درێژخایەن وەک زەینەب جەلالیان و کەماڵ شەریفی کراوەتەوە و سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسیی کورد وەک پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی هۆشداریی جیددی دراوە.
مەحموود ئەمیریموقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، ئەم کارزاری هاوبەشەی وەک یەکەم هەنگاوی کردەیی بەڵگەنامەی ئۆسلۆ دیاری کرد.
بانگەوازەکە داوا لە یەکیەتیی ئورووپا، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە پێبەندەکان بە مافی مرۆڤ دەکات کە ئازادیی بەندکراوانی سیاسی و ڕاگرتنی سێدارەکان بکەنە مەرج و لە پێشینەی سەرجەم پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا.
لەکۆتاییدا جەخت لەسەر لێپێچینەوە و سزادانی تاوانباران و لێپرسراوانی باڵای ڕێژیم بە تۆمەتی تاوان دژ بە مرۆڤایەتی کراوەتەوە و ڕاگەیەندراوە کە کۆتاییهێنان بە پارێزراوبوونی تاوانباران لە سزادان، بەشێکی دانەبڕاو لە وەدیهاتنی دادپەروەری لە ئێرانە.