کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوەیت باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی بەهۆی دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی بانگ کرد

09:34 - 7 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی کاروباری دەرەوەی کوەیت ڕایگەیاند کە لە ناڕەزایەتی بە بڵاوبوونەوەی ڕاگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی، باڵیۆزی ڕێژیمی ئێرانی لەو وڵاتە بانگ کردووە و ئەم هەنگاوەی باڵیۆزخانەی ئێرانی بە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ لە پێوەندییە نێوخۆییەکانی خۆی زانیوە.

ئەم دەستێوەردانەی ڕێژیمی تاران دوای ئەوە بوو کە دادگای کوەیت حوکمی سێدارەی بۆ سێ کەس، لەوانە کەسێکی ئێرانی بە ناوی "عەبدولڕەزا حەیدەر دێهقانی" بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ کۆماری ئیسلامی، هاوکاری لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان و داڕشتنی پلان بۆ تێرۆری وەزیری نێوخۆی کوەیت دەرکرد.

لە بەرانبەردا، باڵیۆزخانەی ڕێژیم لە کوەیت بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، دەستێوەردانی ئێرانی ڕەت کردەوە و ئەو تۆمەتانەی بە دووبارەبوونەوەی سێناریۆ بێ‌بنەماکان ناو برد.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیتیش بە ڕەتکردنەوەی ڕاگەیەندراوەکەی باڵیۆزخانەی ڕێژیم، جەختی لەسەر سەربەخۆیی دادگاکانی کردەوە و داوای لە تاران کرد کە پێبەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەمای دراوسێیەتیی باش بێت.

پەیوەندییەکانی نێوان کوەیت و ڕێژیمی ئیسلامی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا دوای هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی کوەیت ئاڵۆزیی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە.