کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی کوردستانی لەژێر گوشاری ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمدان

11:14 - 11 رەزبەر 2726

لە درێژەی هەوڵە نەزۆکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی هاووڵاتییان لە کوردستان، چەندین کەسی دیکە لە ئیلام، تیکاب و سەقز دەسبەسەر کراون و دوای چەندین ڕۆژ و حەفتە لە دەسبەسەرکرانیان چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە و بەندکراوێکی ئیلامیش سزای قورسی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، دوکتور نەبی ئومیدی، دانشیاری ئابووری و بەڕێوەبەریی دارایی دەرکراو لە زانکۆی ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و بەندکراوی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە سزای پێنج ساڵ بەندکران و سزای تەواوکەری دیکەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، دانیال باشی، هاووڵاتیی خەڵکی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

هەروەها بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی دووشەممە، ٦ی ڕەزبەر، محەممەد عیبادی، مێرمنداڵی تەمەن ۱٥ساڵانی خەڵکی شاری تیکاب سەر بە ناوچەی هەوشار، لە تاران کرێکاری دەکرد و بە سەردان گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک هەڵیانکوتاوەتە سەری و دەسبەسەریان کردووە و بۆ تارانیان گواستووەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، دوای تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر دەسبەسەرکردنی «شێخ زاهێد شەهابی»، زیندانیی سیاسیی پێشوو، یەکێک لە کەسایەتییەکانی ئایینیی تەریقەت و دادخواز بۆ کوژرانی براکەی «شێخ ئازاد شەهابی»، و ڕاگرتنی لە ژوورە تاکەکەسییەکان، دابڕگە، زیندانی قوروە و زیندانی ناوەندیی سەقز، چارەنووسی نادیارە.

شێخ زاهێد شەهابی ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە سەقز بە توندوتیژییەکی زۆرەوە دەسبەسەر کرا.