۱۴۲ بەندکراوی سیاسی (لەوانەش ۱۱ بەندکراوی سزادراو بە سێدارە) لە ۲۱ بەندیخانەی جیاوازی ئێراندا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بەخشینی خەڵاتی ناسراو بە "ئازادی"یان بە ڕەزا پەهلەوی ڕەت کردەوە و ئەم هەنگاوەیان بە سووکایەتی بە قوربانییانی دیکتاتۆریی پاشایەتی و پێشێلکردنی پێوەرە جیهانییەکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ زانی.
واژۆکەران بەخشینی ئەم خەڵاتەیان بە کوڕی دیکتاتۆری پێشووی ئێران، وەک هەنگاوێکی قێزەون و خەنجەرێک لە پشتی بەندکراوانی سیاسی، ئەشکەنجەدراوان و کەسوکاری لەسێدارەدراوانی سەردەمی پاشایەتی ناو برد؛ دوو دەسەڵاتێک کە بە وتەی ئەوان ئاسەواری کوودەتا داگیرکەرانەکان بوون.
بەندکراوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ڕەزا پەهلەوی بە نانەوەی دووبەرەکی لە ڕاپەڕینی خەڵکدا و هەوڵدان بۆ بونیادنانەوەی دەزگای سەرکوتی "ساواک" لە دەرەوەی وڵات، بەدوای زیندووکردنەوەی دیکتاتۆریی پاشایەتیدایە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، بە ئاماژەدان بە ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی لە ئەنجامی ڕاپەڕین و شۆڕشی خەڵکی ئێران دوای دەیان ساڵ سەرکوت، جەخت لەسەر بەردەوامیی ئاسەواری ئەشکەنجەکانی ساواک لەسەر جەستەی بەندکراوانی سیاسیی ئەو سەردەمە کراوەتەوە.
بەندکراوانی سیاسی ئەم هەنگاوەیان بە سووکایەتییەکی لەبیرنەکراو و پێشێلکردنی پێوەرە جیهانییەکانی دێموکراسی و مافی مرۆڤ پێناسە کردووە.
ئەوان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گەڕاندنەوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی و بونیادنانەوەی دەزگای ئەشکەنجە و ساواکی شا، لەگەڵ بەها ئەخلاقی، مرۆیی و سیاسییەکانی جیهانی ئازاد و دێموکراتیکدا یەک ناگرێتەوە.
پێشتریش ٧١ کەسایەتیی سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتی لە ئاڵمان بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی کراوە، داوایان لە دامەزراوەی "فرێدریش ناومان" کرد لە پێداچوونەوە بە بڕیاری بەخشینی «خەڵاتی ئازادیی گەلی ئێران» بە ڕەزا پەهلەوی بکات.