کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی شنۆیی و مەهابادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکانیان

13:14 - 7 خەزەڵوەر 2726

هەرکام لە ئیدریس محەممەدزادە خەڵکی مەهاباد و کەیوان ڕەسووڵی ئازەر خەڵکی شنۆ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانیان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۲ی خەزەڵوەر، کەیوان ڕەسووڵی ئازەر، لە ئەنجامی وەرگرتنی ڕاگەیەندراوەیەکی دادوەریی ڕێژیم سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی، خۆی ڕادەستی لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای ئینقلاب لە شاری شنۆ کرد.

ناوبراو فەرمانبەری پێشووی شارەداریی شنۆیە و منداڵێکی هەیە و پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە شنۆ بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەنساری بە تۆمەتی «ناردنی زانیاری بۆ میدیاکانی دەرەوەی وڵات» سزای ۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی «کوردپا»، ڕۆژی شەممە ٢ی خەزەڵوەر، ئیدریس محەممەدزادە دوای سەردانیکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادسرای گشتی و ئینقلابی ڕێژیم لە مەهاباد، دەسبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانەکەی ڕەوانەی زندانی ئەو شارە کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبە کوردستانییە دژبەرەکانی ڕێژیم» بە پێنج ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی داسەپاو سزا درابوو و دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ بە ڕەتکردنەوەی داواکاریی پێداچوونەوەکەی، سزاکەی وەکوو خۆی پەسەند کردبوو.