بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخەکان، دابەزینی بەردەوامی بەهای ڕیاڵ و قەیرانی ئابووری کە ئاکامی شەڕخوازی و بەڕێوەبەریی کارەساتباری کۆماری ئیسلامییە، بنەماڵەکانی لە ئێران ڕووبەڕووی شەپۆلێکی مەترسیداری هەژاری کردووەتەوە و زۆرێک لە هاووڵاتییانی ناچار کردووە دەست لە بەشێکی زۆری پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانیان هەڵبگرن.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، لە گفتوگۆ لەگەڵ هاووڵاتییان لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا، دەردەکەوێت کە دابینکردنی بژێویی سەرەتایی وەک خۆراک، خانوو، دەرمان و خوێندن یەکجار ئەستەم بووە.
ئامارە فەرمییەکان دەریانخستووە کە نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییەکان لە خەرمانانی ئەمساڵدا بەرانبەر بە ساڵی ڕابردوو نزیکەی ٩٠٪ بەرز بووەتەوە و ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە ٧٣.٦ لەسەد. ئەم کارەساتە لە کەرتی خۆراکدا تۆقێنەرترە؛ بە شێوەیەک کە نرخی خواردەمەنی و خواردهمەنییەکان ١٢١.٨٪ زیادی کردووە.
لەکاتێکدا کەمترین خەرجیی مانگانەی بنەماڵەیەکی سێ کەسیی کرێکاری لە دەوروبەری ۳۳٦ دۆلاردا مەزەندە دەکرێت، تێکڕای مووچەی مانگانەی کرێکاران و کارمەندان بە نرخی ئازادی دراو تەنیا ۹۲ دۆلارە و مووچەی مانگانەیان تەنیا بەشی دە ڕۆژ ژیانیان دەکات.
هەروەها دابەزینی زیاتر لە ٥٠٪ی بەهای ڕیاڵ لە ساڵی ڕابردوودا و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی فەرمی لە وەرزی بەهاردا بۆ ٩.١٪ (کە نزیکەی یەل لەسەر چواری لاوانی ۱۵ تا ۲٤ ساڵان دەگرێتەوە)، بووەتە هۆی پەککەوتنی دواڕۆژ و خوێندنی لاوان لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات.
سەرەڕای داوای لێبوردنی بێسوودی وەزیری ئابووریی ڕێژیم، پەککەوتنی بازرگانی، درووستبوونی بەربەست لە هەناردەکردنی نەوت و گەندەڵیی بەرچاوی سیستەمی کۆماری ئیسلامی، ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمانی تەواو بردووە.
ڕۆیتێرز جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەسەڵاتدارانی تاران لەوە تۆقیون کە بەردەوامیی ئەم برسییەتی و بێکارییە بێتە هەوێنی تەقینەوەی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و ڕووخانی پایەکانی ڕێژیم.