لە درێژەی کۆبوونەوەی کۆمیتەی سێیەمی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، نوێنەرانی وڵاتانی هۆلەند و ئیسرائیل بێدەنگکردنی بزووتنەوە سەرانسەرییەکان، لەسێدارەدانە ناڕەواکان و نەبوونی سەربەخۆیی دادوەرییان لە ئێران مەحکووم کرد و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێکاری توند بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی مافی مرۆڤ بگرنە بەر.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەزەڵوەر، نوێنەری هۆلەند بە پاڵپشتیکردن بە ڕاپۆرتەکانی ڕیپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ و لێژنەی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، ئاماژەی بە بەکارهێنانی هێزی مەرگهێنەر و گرتنی ئازادیخوازان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی ئێران دەبێت بەپەلە شەپۆلی لەسێدارەدانە نایاساییەکان، گرتنی سەرەڕۆیانە و توندوتیژی دژی هاووڵاتییان ڕابگرێت.
ناوبراو هەروەها وڵامنەدانەوەی بەرپرسانی تاران بە مێکانیزمەکانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە بەڵگەی ڕاشکاوی پشتگوێخستنی بڕیارنامەکان زانی و داوای لە جیهانی ئازاد کرد هەنگاوی ڕاستەقینە بۆ سزادانی تاوانبارانی ڕێژیم هەڵبگرن.
لەلایەکی دیکەوە، نوێنەری ئیسرائیل بە ئاماژەدان بە بەڵگە کۆکراوەکان لەسەر ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە، داوای لێکۆڵینەوەی گشتگیری لە ڕەوتی کوشتاری خۆپیشاندەران، لەسێدارەدانەکان، گرتنی بەندکراوان و توندوتیژی دژی بنەماڵەی قوربانییان کرد.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی دابینکردنی ماف و بژێوی خەڵک، سەرمایەی نەتەوەیی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمیی سەربازی، چەکی بالیستیک و پشتیوانی لە گرووپە نەیابەتییەکانی ناوچەکە تەرخان دەکات.
لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە ئازایەتی و خۆڕاگریی خەڵکی ئێران لە بەرانبەر سەرکوتکارییەکاندا، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە تێکۆشانی ئازادیخوازان پێویستی بە هەڵوێستی کردەیی و بڕیاری بەپەلەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەکانی تاران هەیە.