کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەمیی دەرمانی دەروونپزیشکی لە ئێران پەرەی سەندووە

14:08 - 7 خەزەڵوەر 2726

ئەنجومەنی زانستیی دەروونپزیشکانی ئێران هۆشداری لە توندبوونەوەی قەیرانی کەمبوونی دەرمانەکانی دەروونپزیشکی لە مانگەکانی ڕابردوودا دا و ڕایگەیاند کە پچڕانی ڕەوتی چارەسەر و تێکچوونی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان، تەندروستیی نەخۆشەکان دەخاتە مەترسییەوە و ڕێژەی پێویستی بە خەواندن لە نەخۆشخانەکاندا، بەرز دەکاتەوە.

ئەمیرحوسێن جەلال نۆدۆشەن، وتەبێژی ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گرانیی دەرمان و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییان لەگەڵ نەبوونی پشتگیریی بیمە، وایکردووە زۆرێک لە نەخۆشەکان یان دەست لە چارەسەر هەڵبگرن یان پەنا بۆ دەرمانی هەرزانتر ببەن. هەروەها جەختی کردەوە کە گۆڕینی ناچاریی جۆری دەرمان بەهۆی کەمبوونی لە بازاڕدا، دەبێتە هۆی تێکچوونی باری دەروونیی نەخۆشەکان و بارگرانیی دارایی زیاتر دەخاتە سەر بنەماڵەکان و سیستەمی تەندروستی.

هاوکات، بەرپرسانی تەندروستی و لێژنەی نیزامی دەروونناسیی ئێران هۆشدارییان داوە کە کۆمەڵگەی ئێران لە دۆخی فریاگوزاریی تەندروستیی دەروونی نزیک دەبێتەوە؛ بەتایبەت کە قەیرانی ئابووری، نەبوونی دەرمان و تەنانەت ڕاپۆرتەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی دەرمانی بەسەرچوو، بارودۆخی ژیانی نەخۆشەکانی ئاڵۆزتر کردووە.