کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی هاوبەشی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی

04:21 - 8 خەزەڵوەر 2726

٣٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەندکراوانی سیاسی، دەرفەتێکە بۆ تاوتوێکردنی ئازار و خۆڕاگریی بەندکراوانی سیاسی، ئەو کەسانەی کە بە تاوانی بیرکردنەوە، مافخوازی و بەرگریکردن لە کەرامەتی مرۆیی، دیوارە بەرزەکانی زیندانیان کردووەتە سەنگەری بەرگری. لەم نێوانەدا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی سیاسەتە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پشکی شێریان لە ژمارەی بەندکراوانی سیاسی و ئێعدام و بەندکردنی درێژماوە بەردەکەوێت، یەکێک لە دژوارترین سەردەمەکانی خۆی لە بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پێشێلکارییە سیستماتیکەکانی مافی مرۆڤ لە جوغرافیای ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەزموون دەکات.

لە مێژووی پڕ لە هەوراز و نشێوی مرۆڤایەتیدا، تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکان و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، هەمیشە لە پێشەنگی بیری ئازادیخوازان و ڕووناکبیراندا بووە. لەم نێوانەدا، دوو پرسی ئازادی و دادپەروەری، جێگەی بایەخن: ئازادکردنی بێ‌مەرجی بەندکراوانی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی یەکجاریی سزای سێدارە.

ئەو کەسانەی لە پێناوی باوەڕ و بیروڕای سیاسیی خۆیاندا، ئازادییان لێ زەوت دەکرێت و ڕووبەڕووی دیوارە بڵیندەکانی زیندان دەبنەوە، لە ڕاستیدا قوربانیی پەرچەکردارە نادیموکراتییەکانن. بەندکردنی مرۆڤ بەهۆی بیرکردنەوەی جیاوازەوە، نیشانەی لاوازیی ئەو سیستمەیە کە ناتوانێت لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی فیکرییەوە وەڵامی ڕەخنەکان بداتەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نامۆیە لەگەڵ ئەو بنەما و پرەنسیپانە.

ئەوەی جێگای سەرنجە سزای سێدارە، بە هەر پاساوێک بێت، لە بنەڕەتدا شکاندنی شکۆی مرۆڤە. هیچ دەسەڵاتێک مافی ئەوەی نییە ژیانێک بستێنێتەوە کە نەیتوانیوە بەرهەمی بهێنێت. سێدارە نەک هەر کێشە کۆمەڵایەتییەکان چارەسەر ناکات، بەڵکوو توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا بەرهەم دەهێنێت.

ئاماری ترسناکی لەسێدارەدانی زیاتر لە ٥٠ کەس لە بەندکراوانی سیاسی لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٥ی هەتاوی، نیشانەی ڕەوتێکە کە چالاکانی مافی مرۆڤ بە "ماشێنی کوشتاری کۆماری ئیسلامیی ئێران" ناوی دەبەن. لە کاتێکدا کە کۆمەڵگە نێونەتەوەییەکان جەخت لەسەر مافی ژیان وەک بنەڕەتیترین مافی مرۆیی دەکەنەوە، لە ئێران، سزای سێدارە بووەتە ئامرازێک بۆ ترساندن و مانەوەی دەسەڵات. دۆسیە دروستکراوەکان بۆ ناڕازییانی ساڵانی ڕابردوو و بەندکراوانی سیاسی، نیشاندەری ئەوەیە کە دەیان کەس لە ڕۆڵەکانی ئەم خاکە، چاوەڕێی سزای نامرۆڤانەی ئێعدام دەکەن.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕۆژی جیهانیی زیندانیانی سیاسی، وێڕای ئەوەی داوای ئازادیی بێ‌مەرجی بەندکراوانی سیاسی و ڕاگرتن و هەڵوەشانەوەی سزای نامرۆڤانەی سێدارە دەکەین، داواکارین لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ناوەندەکانی بڕیار لە جیهان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، لە بەرامبەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و بێمافیی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران بێدەنگ نەبن و پێداچوونەوە بە پێوەندییەکانیاندا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بکەن و تێچووی ئەو پێشێلکارییانە بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ببەنە سەرەوە.

بێدەنگی بەرانبەر بڕیاردەران و ئەنجامدەرانی تاوان دژی مرۆڤایەتی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان قبووڵکراو نییە و پێویستە میکانیزمە دادوەرییە نێونەتەوەییەکان بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی ئەو تاوانانە چالاک بکرێن.

لە کۆتاییدا، دەنگی بەندکراوانی سیاسی، دەنگی ئەو ویژدانە زیندووانەیە کە لە زیندانە تاریکەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بەدوای تیشکی ئازادیدا دەگەڕێن. بەدیهاتنی دادپەروەری، نەک بە بێدەنگی، بەڵکوو بە بەردەوامیی گوشاری ڕای گشتی و هەنگاوی یاسایی و جیددی دێتە دی. دڵنیاین لەوە کە تا بەندکراوی سیاسی لە زینداندا بێت، خەبات بۆ مافی ژیان و ئازادی بەردەوام دەبێت.

بژی ئازادی و دادپەروەری
نا بۆ سێدارە، بەڵێ بۆ ئازادیی بەندکراوانی سیاسی

ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٣٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦ی زایینی
٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی