کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سێنتکام بژاردە سەربازییەکان دژی ئێرانی خستە بەردەم ترامپ

08:22 - 8 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی واڵ‌ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) لە کۆبوونەوەیەکی کەموێنەدا لە کۆشکی سپی، بژاردە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران پێشکەشی دوناڵد ترامپ کردووە. لەم کۆبوونەوەیەدا برەد کوپێر، پیت هێگسێت وەزیری جەنگ، و ژێنراڵ دەن کەین سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکان ئامادە بوون. ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا ڕۆژێک پاش کۆبوونەوەی فەرماندە باڵاکان لەگەڵ جەی‌دی ڤانس جێگری سەرۆککۆماری ئەمریکا بەڕێوە چوو. بەپێی زانیارییەکان، بەرپرسانی ئەمریکی پێشتر هۆشدارییان داوەتە وڵاتانی عەرەبی کەنداو کە خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورت بەڵام بەهێز پاش هەڵبژاردنەکانی نێوان دەورەیی ئەمریکا لە مانگی نۆڤامبردا ئامادە بکەن. هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی ترامپ دەربارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، پێنتاگون لە حەفتەکانی ڕابردوودا سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تەقەمەنی زیاتری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، هەندێک لە هێزەکانی لە بنکە مەترسیدارەکان کشاندووەتەوە و ئاگاداری گواستنەوەی ئاتەشبارێکی تری سیستەمی پاتریۆت بۆ ئیسرائیل بۆ بەهێزکردنی بەرگریی مووشەکی بووە.