کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا داوای ڕاگرتنی ڕاستەوخۆی لەسێدارەدان و ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی لە ئێران دەکات

08:59 - 8 خەزەڵوەر 2726

«نووسینگەی مافی مرۆڤ، ئازادییەکان و گشتگیری» لە وەزارەتی دەرەوەی کانادا، لە بەیاننامەیەکدا داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی سەرجەم سزاکانی لەسێدارەدان و ئازادکردنی ئەو کەسانەی کرد کە بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

ئەم دامەزراوەیە بە دەربڕینی پشتیوانی بۆ هەڵمەتی «سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان»، بۆ دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای سیاسی و ناڕەزایەتیی هێمنانە جەختی لەسەر مافی هاووڵاتییانی ئێران کردەوە. ئەم داوایەی کانادا لەکاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی دژی زیادبوونی سزای لەسێدارەدان لە ئێران پێکهاتووە.

ئەنجومەنی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ٤٦ وڵاتی ئەندام، یەکیەتیی ئورووپا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و دیدەبانی مافی مرۆڤ، هاوشانی ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی، بەتوندی ئیدانەی سەرکوتکارییەکانی ڕێژیمیان کردووە.

هەروەها ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کانادا پێشتریش لە ڕێگەی سەپاندنی سزای هاوبەشەوە بەسەر بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیدا پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانی خەڵکانی ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری ڕاگەیاندبوو.