سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای توندتربوونی سزاکان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"، بەرەوڕووی سنوورداربوونی ڕوو لە زیاتر لە ڕێگەکان و کەناڵەکانی دابینکردنی دارایی بووەتەوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە دژوارییەکانی تاران لە گواستنەوەی پارە و دارایی زیادی کرد کە بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەنانەت سپای پاسدارانیش لە دانی مووچەی هێزەکانی خۆیدا تووشی کێشە بووەتەوە.
بێسێنت جەختی کردەوە کە واشنگتۆن بۆ دابینکردنی دارایی حوسییەکان، حەماس و حیزبوڵڵا خەریکی سنووردارکردنی توانای کۆماری ئیسلامییە و ڕێگە نادات لە پشتیوانیی دارایی لەم گرووپانە بەردەوام بێت.
ئەم لێدوانانە هاوکات لەگەڵ زیادبوونی گوشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا دژی تاران هاتوونەتە ئاراوە. لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژنامەی واڵستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە برەد کوپێر فەرماندەی ستادی فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترامپ و بەرپرسە باڵا سەربازییەکانی ئەمریکا، بژاردەکانی هێرشی سەربازی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی تاوتوێ کردووە.