کاناڵی «گوڵفنیوز» لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی داڕشتنی پلانێکی سەربازی بۆ ئەنجامدانی شەپۆلێکی هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانکردنی یەک حەفتەیی دژی ئێرانن، کە بڕیارە دوای هەڵبژاردنە نێوان دەورەییەکانی ٣ی نۆڤامبری ئەمریکا جێبەجێ بکرێت. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە ڕێبەران، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ناوەندەکانی وزە و ژێرخانە گرینگەکانی ئێران دەبێت.
لە هەمان کاتدا، وڵاتانی عەرەبی کەنداو هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕتر کردووەتەوە؛ ئێمارات داوای دانبەخۆداگرتن و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی دەکات و عەرەبستانی سعوودیش داوای لە واشنگتۆن کردووە کە دەرفەتی زیاتر بە دیپلۆماسی بدات. هاوکات قەتەریش هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان تاران و ئیدارەی ترامپدا دەست پێکردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە و بە پشتپبەستن بە سەرچاوەکانی ئاکسیۆس، ژینڕاڵ ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ دەریاسالار برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، بۆ هەماهەنگیی ئامادەکارییە سەربازییەکان پەیوەندییەکی تلفۆنیی ئەنجام داوە. بێنیامین نێتانیاهووش لە لێدوانێکی پێشتری خۆیدا باسی لە "کۆتاییهێنان بە کارەکە" کردووە و گوڕینی ڕێژیمی ئێرانی وەک ئامانجی سەرەکی دەستنیشان کردووە.
ئەم گرژییانە درێژەی شەڕی ڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێرانن کە لە ڕەشەمەی ١٤٠٤ەوە دەستی پێکردووە. دوای چەندین گەڕی بەگژداچوونەوەی سەربازی و سزای ئابووری، واشنگتۆن و تێلاڤیڤ گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە گوشاری سەربازیی کورت بەڵام توند، تاقەڕێگە بۆ ناچارکردنی تاران بە ملکەچبوون بۆ کەمکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکەیەتی.
لە مانگەکانی ڕابردوودا ئێران کۆنتڕۆڵی گەرووی هۆرمۆزی توندتر کردووەتەوە و هێرشی کردووەتە سەر چەندین کەشتی بازرگانی و بەستێنی دەریایی، کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا و کاردانەوەی توندی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.
دوڵەتی دۆناڵد ترامپ دەیەوێ بەرپەرچدانەوەی سەربازی بۆ دوای هەڵبژاردنە نێوان دەورەییەکانی نۆڤامبر دوا بخات تا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی لەسەر دەنگدەران و نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمریکا دروست نەکات.