کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری ئەمنییەتیی کەمپ دەیڤید؛ واشنگتۆن خۆی بۆ خولێکی نوێی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران ئامادە دەکات

14:19 - 11 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، بەرپرسانی باڵای ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆککۆمار، لە کۆمەڵگەی "کەمپ دەیڤید" کۆبوونەوەیەکی نهێنییان ئەنجام داوە.

دانوستانەکان بۆ داڕشتنی هەنگاوەکانی داهاتووی واشنگتۆن لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی عەرەبستان دژ بە حوسییەکانی یەمەن، تەرخان کرابوون.

لەم کۆبوونەوەیەدا بەرپرسانی باڵای واشنگتۆن لەوانە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوە، پیت هێگسێت وەزیری شەڕ، جان ڕاتکلیف سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی (CIA)، دەن کەین سەرۆکی ستادی هاوبەشی ئەرتەشی ئەمریکا و ستیڤ ویتکاف نێردراوی کۆشکی سپی بەشدار بوون.

بەرپرسێکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لەم دانیشتنەدا گفتوگۆی قووڵ سەبارەت بە قەیرانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئاراستە کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاکسیۆس، هاوکات لەگەڵ بنبەستبوونی دانوستانەکان، دۆناڵد ترامپ سەرقاڵی هەڵسەنگاندنی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەرفراوانە دژی تاران.

ترامپ ڕایگەیاندبوو: "بارودۆخ زۆر باش بەڕێوە دەچێت و ئێران لە دۆخێکی باشدا نییە."

ئاکسیۆس ئاماژەی بەوەش دا دوایین کۆبوونەوەی هاوشێوە لە ژوئەنی ٢٠٢٥ و تەنیا چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی بەڕێوە چووبوو.