کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشارە دادوەری و ئەمنییەکان لەسەر چالاکوانان و هاووڵاتییانی کورد درێژەی هەیە

14:19 - 8 خەزەڵوەر 2726

شەپۆلی دەسبەسەرکردن، دەرکردنی سزای بەندکران و جێبەجێکردنی حوکمەکان لەلایەن دەزگای بەناو دادوەری و هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەردەوامە.

لەم پێوەندییەدا، «محەممەدڕەزا تورک‌جوش»، لاوی تەمەن ٣٠ ساڵەی کرێکار و خەڵکی مەڵکشایی، بەیانیی پێنجشەممە ٧ی خەزەڵوەر بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. دەسبەسەرکرانی ناوبراو و بێ سەرپەرست مانەوەی بنەماڵەکەی، دایکە بەساڵاچووەکەی تووشی جەڵتە کردووە و لە بەشی چاودێریی چڕ (ICU) خەوێندراوە. ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و پەیوەندی بە بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

هەروەها لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ئیلام، سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بۆ «دوکتور نەبی ئومیدی»، دانشیاری ئابووریی زانکۆی پەیامی نووری ئیلام پەسەند کرد کە ٥ ساڵی ئەم سزایە جێبەجێ دەکرێت. ناوبراو بەهۆی پشتیوانیکردنی لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ سزای بەندکران، دەرکردن لە زانکۆ، قەدەغەی هاتوچۆ بۆ مەڵکشایی و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە وڵاتی بەسەردا داسەپاوە.

«میلاد ئیبراهیمی»، وەرزشکاری ٣١ ساڵەی خەڵکی کامێران کە لە ناڕەزایەتییەکاندا بە تەقەی ڕاستەوخۆ بریندار و دواتر دەسبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگای کەیفەریی کامێرانەوە بە يەک ساڵ بەندکران و پێبژاردنی ٤٠٠ ملیۆن تمەن سزای نەختی مەحکووم کرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خەزەڵوەر، «مەتین فرامەرزی»، چالاکوانی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکردنی بۆ لقی جێبەجێکردنی حوکمەکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای ٦ مانگ بەندکران بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی نیزام» دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی مەهاباد کرا.