کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەونی خانەخوێبوون بۆ کرێکاران بووە بە زیاتر لە سەدەیەک

14:24 - 8 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیلنا لەکاتێکدا سەبەتەی بژێوی بنەماڵەکان لە ئێران گەیشتووەتە ۸۰ ملیۆن تمەن و کرێکاران تەنانەت توانای بەکرێگرتنی خانوویان لە پەراوێز و دەوروبەری شارەکانیشدا نەماوە، هەڵسوکەوتی نابەرپرسیارانەی کاربەدەستانی ڕێژیم بەرانبەر باری دارایی چینە زیانپێکەوتووەکان کاردانەوەی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.

لە تازەترین لێدواندا کە لە هەواڵدەریی ئیلنا بڵاو کراوەتەوە، حەبیبوڵڵا تاهیرخانی، جێگری وەزیری ڕێگا و شارسازیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بە لاتاولێدان، داواکارییەکانی کرێکاران بۆ دابینکردنی خانووی بە "داواکاریی کڕینی خانوو لە مەیدانی ئارژانتینی تاران" وڵام داوەتەوە. ناوبراو بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ماوەی چاوەڕوانیی خانەخوێبوون لە وڵاتدا تەنیا ۲۷ ساڵە!

لە بەرانبەر ئەم لێدوان و ئامارە درۆیینانەی بەرپرسانی ڕێژیمدا، فەرامەرز تۆفیقی، چالاکوانی کرێکاری و کارناسی سەبەتەی بژێوی لە گفتوگۆ لەگەڵ هەمان هەواڵدەریدا، ئەم ئیدعایانەی ڕەت کردەوە. تۆفیقی بە ئاماژەدان بە تێکڕای نرخی هەر میتر چوارگۆشەی خانوو لە تاران (۲۵۰ ملیۆن تمەن) ڕایگەیاند: کڕینی یەکەیەکی بچووکی ۵۰ میتری، ۱۲.۵ میلیارد تمەنی پێویستە. ئەگەر کرێکارێک مانگانە ۲۰ ملیۆن تمەن داهاتی هەبێت و نیوەکەی (۱۰ ملیۆن) پاشەکەوت بکات، گەیشتن بەم ئامانجە ۱۰۴ ساڵ (۱۲۵۰ مانگ)ی دەوێت، نەک ۲۷ ساڵ!

ئەم جیاوازییە قووڵەی نێوان هەقیقەتی تاڵی ژیانی خەڵک و ئامارە بێبنەماکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، ئاستی دابڕانی یەکجاریی ئەم ڕێژیمە لە ئازار و قەیرانە بژیوییەکانی چینەکانی کۆمەڵگە نیشان دەدات.

دۆخی ئابووریی هەنووکەیی لە ئێران، ئاکامی ناکارامەیی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامییە کە بە بەتاڵانبردنی سەرمایەی وڵات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ سفرەی خەڵک بچووکتر دەکەنەوە.