کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێبەری ئۆپۆزسیۆنی کانادا: دەبێت بەکرێگیراوانی سپای پاسداران بەپەلە دەر بکرێن

08:32 - 9 خەزەڵوەر 2726

پیر پالیڤ، ڕێبەری حیزبی پارێزگاران و ئۆپۆزسیۆنی دەوڵەتی کانادا، بە ئاماژەدان بە لێکۆڵینەوەییەکان سەبارەت بە تێوەگلانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دابینکردنی دارایی بۆ کردەوە تێرۆریستییەکان، تەقەکردنەکان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەو دواییە لەو وڵاتەدا، داوای ناساندن و دەرکردنی بەپەلەی سەرجەم دەستوپەیوندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی لە خاکی کانادا کرد.

پیر پالیڤ ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەر، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیی: "ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران گومانلێکراوی سەرەکییە لە دابینکردنی تێچووی تێرۆر و تەقەکردن لەلایەن بەکرێگیراوانەوە لە خاکی کانادا کە تێیدا کەنیسەکانی جووەکان، قوتابخانەیەک، شوێنە بازرگانییەکان و تەنانەت کۆنسوڵگەریی ئەمریکاشیان کردووەتە ئامانج."

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەوەی ئەم پەلامارانە ڕاستەوخۆ هاووڵاتییانی جووی کانادا و نەیارانی کۆماری ئیسلامییان کردووەتە ئامانج، ڕایگەیاند: "دەبێت سەرجەم بەکرێگیراوانی سپای پاسداران کە بە شێوەی نایاسایی لە کانادان، بناسرێن و بەپەلە لە وڵات دەربکرێن."

ئەم هەڵوێستە توندە دوای ئەوە هات کە هەواڵدەریی "سی‌بی‌سی"ی کانادا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە لانیکەم ۱۲ حاڵەتی تەقەکردنی سیاسی لە تۆرێنتۆ ڕوویان داوە و بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پشتیوانیی دارایی ئەم تاوانانە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە کراوە.

هەروەها بەپێی بەڵگەنامە دادوەرییەکانی ئەمریکا، دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە کەسێکی بە نێوی "مەهدی باقر ئەلساعدی" لە ئەندامانی باڵای تۆڕێکی چەکداری سەر بە ڕێژیمی ئێران بە ڕێکخستنی لانیکەم ۱٨ پەلاماری تێرۆریستی لە ئورووپا و دوو پەلامار لە کانادا (لەوانە هێرش بۆ سەر کۆنسوڵگەریی ئەمریکا و کەنیسەیەک) تۆمەتبار کردووە؛ تۆڕێک کە ڕاستەوخۆ بە پشتیوانیی دارایی و لۆجیستیکی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە بەستراوەتەوە.