ناوەندی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا (UKMTO) لە تازەترین ڕاپۆرتی حەفتانەی خۆیدا ڕایگەیاند کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆزدا هێشتا نزیکەی ٧٠ لەسەد کەمترە لە سەردەمی پێش دەستپێکردنی شەڕی ئێران، ئەگەرچی لە حەفتەی ڕابردوودا ژمارەی کەشتییە تێپەڕبووەکان ڕووی لە زیادبوون کردووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتەی کە ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەر بڵاو کراوەتەوە، لە حەوت ڕۆژی کۆتایی بە ٢٨ی ئۆکتۆبردا، سەرجەم ٢٧٧ هاتوچۆی چوونەژوورەوە و دەرچوون لە گەرووی هۆرمۆزدا تۆمار کراوە.
ئەم ناوەندە هەروەها ڕایگەیاندووە لە دەستپێکی شەڕەوە لە ٩ی ڕەشەمەوە تا ئێستا، ١٢٢ ڕاپۆرتی زیانگەیشتن بە کەشتییەکان و ٧٧ حاڵەتی کوژران یان برینداربوونی نەفەر لە ڕووداوە دەریاییەکانی ناوچەی کەنداو، گەرووی هۆرمۆز و دەریای عوماندا تۆمار کراوە.
بە وتەی ئەم دامەزراوە دەریاییە، لە ٦ی ژوئیەوە تا ئێستا، ٥٩ حاڵەت لە کۆی ٨١ هێرشی ئاراستەکراو بۆ سەر کەشتییەکان لە ڕێگەی باشووری گەرووی هۆرمۆزدا ڕوویان داوە.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باسی لە دۆخی گەرووی بابولمەندەب و دەریاچەی سوور کردووە و ڕایگەیاندووە کە هاتوچۆی کەشتییەکان لە بابولمەندەبدا هێشتا ٢٤ لەسەد کەمتر لە پێش ڕاگەیاندنی گەمارۆی دەریایی حوسییەکان لە ٢٢ی ژوئییەدایە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی مەترسی دژی کەشتیوانی لە باشووری دەریای سوور، بابولمەندەب و کەنداوی عەدەن هێشتا بە "بەرچاو" هەڵسەنگێندراوە.