کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاواردن لە وەزارەتی نەوت؛ بێبەشبوونی کرێکارانی پەیمانکار لە ئێمتیازی بژێوی

09:22 - 9 خەزەڵوەر 2726

پەسەندکردنی کۆمەڵێک ئێمتیازی بژێوی بۆ کارمەندانی پیشەسازیی نەوت لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە، جارێکی تر جیاوازی و هەڵاواردنی قووڵی نێوان هێزە فەرمییەکان و کرێکارانی پەیمانکاری زەق کردەوە. کرێکاران ڕایانگەیاندووە سەرەڕای ئەوەی بارگرانیی سەرەکیی کار لەسەر شانی ئەوانە، لەم ئێمتیازە نوێیانە بێبەش کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنا"، حەمید بۆرد، سەرپەرشتیاری وەزارەتی نەوت باسی لە پەسەندکردنی ئێمتیازی نوێ وەک زیادکردنی یارمه‌تیی بژێوی، چاکسازی لە ئاسانکارییەکانی نیشتەجێبوون و مافی پاشەکەوتکردنی مۆڵەت بۆ کارمەندانی فەرمی کردووە.

ئەم بڕیارانە شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانکاری لێ کەوتووەتەوە؛ کرێکارانێک کە زیاتر لە ٦٥٪ی پێکهاتەی هێزی کاری وەزارەتی نەوت پێکدەهێنن و دەڵێن زۆربەی ئێمتیازەکان بۆ کارمەندانی فەرمی یان "کارت سپییەکان" تەرخان کراوە.

کرێکارانی پەیمانکار ساڵانێکە لە ڕێگەی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانەوە داوای نەهێشتنی کۆمپانیا دەڵاڵەکان، جێبەجێکردنی دروستی ئاستبەندیی کارەکان، دابینکردنی ئەمنییەتی کاری و ڕاگرتنی دەرکردنی نوێنەرانی کرێکاری دەکەن.

لەکاتێکدا کارمەندانی فەرمی لە ئێمتیازی وەک "نەوت‌کارت"، پاداشتی دەورەیی و خزمەتگوزاریی دەرمانیی تایبەت بەهرەمەندن، کرێکارانی پەیمانکار بە گرێبەستی کاتییەوە هەمیشە لەژێر مەترسیی دەرکردندان.

هاوکات لەگەڵ ئەم جیاکارییانە، ۲۹۲ کرێکاری پڕۆژەیی لە بەشەکانی نەوت، گاز و پێترۆشیمی لە نامەیەکدا بۆ مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ڕێژیم، ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە بەرزبوونەوەی تێچووەکانی ژیان و کەمتەرخەمی لە بەرانبەر داواکارییەکانیان دەربڕیوە.

هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە بەربڵاوبوونەوەی گۆڕینی گرێبەستەکان بۆ "سەروو کاتی" و خۆدزینەوە لە بیمە لەلایەن کارفەرمانەوە دەکەن.