کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی نوێی واشنگتۆن لەسەر هەرەسهێنانی ئابووریی ئێران

09:26 - 9 خەزەڵوەر 2726

گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی و گڕوتینی سزاکانی واشنگتۆن لە چوارچێوەی هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"، ڕێژیمی ئێرانی خستووەتە ژێر گوشارێکی بێوێنەوە و توانا داراییەکانی تارانی بۆ بەدەستهێنانی داهات بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز کردووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هەرچەندە خەزێنەداری ئەمریکا ئاماژە بەوە نەکات کە ئابووریی ئێران لە بەرەبەرەی داڕمانی تەواودایە، بەڵام دەریدەخات کە هەنگاوە ئابوورییەکانی واشنگتۆن توانیویانە توانا داهاتییەکانی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو سنووردار بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تازەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا کە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" ئاماژەی پێ داوە، بەهای دراوی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەم ڕێکارانەوە لە مانگی ئاگۆستەوە یەک لەسەر چوار دابەزیوە و نرخەکەی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی.

ئەم داڕمانەی بەهای ڕیاڵ، هێزی کڕینی هاووڵاتییانی زۆر کەم کردووەتەوە و تێچووی دابینکردنی کاڵاکانی بۆ ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات زۆر گرانتر کردووە.

هاوکات ڕێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لە ئێراندا لە مانگی سێپتامبردا گەیشتووەتە ٩٠ لەسەد، لەکاتێکدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٣٥ لەسەد بوو.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و سزاکانی واشنگتۆنەوە، لە ٢٥ی ئاگۆستەوە هیچ نەوتهەڵگرێک لە ئێراندا بار نەکراوە و هەناردەی نەوتی ڕێژیم گەیشتووەتە ئاستی سفر.

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم گەمارۆیە لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی وشکانییەوە تووشی ئاستەنگی جیددی بووەتەوە و هەزاران ماشینی بارهەڵگر لە سنوورەکانی ئەفغانستان، تورکمەنستان، تورکیە و پاکستان گیریان خواردووە.

هەروەها زنجیرەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە ئێرانییەکانیان قەدەغە کردووە و بانکە ئێرانییەکانیش لە دەرەوەی وڵات کەوتوونەتە ژێر گەمارۆ و ئاستەنگی جیدییەوە.