لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ئەفشین عەزیزی، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی ورمێ بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا و پووریا سەعیدی، خەڵکی سنە و لە دەسبەسەرکراوانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، «ئەفشین عەزیزی»، خەڵکی شارەدێی «دزە»ی مەرگەوەڕی ورمێ، کە لە ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوی زیاتر لە ٢٠ ڕۆژ لە گرتنگە دەسبەسەر کرابوو، دواتر بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم»، بۆ جێبەجێکردنی سزای ٣ ساڵ بەندکرانی داسەپاو بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.
ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەسبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، پووریا سەعیدی، خەڵکی سنە، تەمەن ٣٠ ساڵ، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و پێبژاردنی پارەی بەسەردا سەپا.
ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا و لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەممەدا لە ئاکامی هەڵکوتانە سەری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرابوو.