کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی شەشەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی شاعیری ناوداری کوردستان مامۆستا جەلال مەلەکشا لە سنە

09:56 - 9 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی هەینی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی لەسەر گڵکۆی مامۆستا جەلال مەلەکشا لە گۆڕستانی ئاوایی مەلەکشانی سنە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بە بەشداری شاعیران، نووسەران، ئەدەبدۆستان و هەروەها بنەماڵەی شەهیدان بەڕێوە چوو.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» و چەند خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی جەلال مەلەکشا و شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

دواتر بە دانانی چەپکەگوڵی ڕێزلێنان و شیعرخوێندنەوە ڕێز لەو مامۆستا نەتەوەیی و پایەبەرزەی کوردستان گیرا.

پاشان ئەندامانی بنەماڵەی مەلەکشا بەخێرهاتنی ئامادەبووانیان کرد و یاد و ناوی ئەم شاعیرە گەورەیەیان بەرز ڕاگرت.

 لە درێژەدا، کۆمەڵێک لە ئەدیبان، لەوانە «سیمین چاییچی»، بە خوێندنەوەی هەندێک شێعر، باسیان لە جیهانبینیی ئەدەبی و فیکریی مامۆستا و ئەو تێچووانەی کرد کە بۆ پابەندبوون بەو جیهانبینییەوە داویەتی.

هەروەها نوێنەرانی ئەنجومەنە فەرهەنگییەکان و چالاکوانانی مەدەنی وتاریان پێشکەش کرد و ڕۆڵی مامۆستا جەلالیان لە دەوڵەمەندکردنی ئەدەب و شێعری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بەرز نرخاند.

پێشکەشکردنی سروود و ئامادەبوونی بەشداربووان بە پلاکاردگەلێک کە وێنە و ناوی مامۆستا جەلال مەلەکشای لەسەر بوو، لە بەشەکانی تری ئەم ڕێوڕەسمە بوون.

شایانی باسە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستان بە بەدەستەوەگرتنی وێنەی ئازیزانیان لەو ڕێوڕەسمەدا وێڕای یادکردەنەوەی ئەو مامۆستا دیارە، یاد ئازیزانی شەهیدیان بەرز ڕاگرت.

لەو ڕێوڕەسمەدا، خاتوو فەریدە وەیسی ئاماژەی بەوە کرد کە شێعری مامۆستا جەلال چوار مەرجی سەرەکی دیاری دەکات؛ سەربەستی و سەروەریی سیاسی، یەکپارچەیی خاک و نیشتمانی کوردستان، ئاڵای ناسراو و نەتەوەیی کوردستان و هێزێکی نیشتمانی بۆ پاراستنی ئەو سێ خاڵە.

هەروەها عادڵ نادری هونەرمەندی ناسراوی کوردستان، بە چەند گۆرانییەک ئەو ڕێوڕەسمەی ڕازاندەوە.

مامۆستا جەلال مەلەکشا، لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ١٣٣٠ی هەتاوی لە ئاوایی مەلەکشای سەرێ سەر بە شاری سنە لەدایک بوو و لە ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی بەھۆی جەڵتەی دڵەوە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا جەلال وەک هێمایەک بۆ ئەدەبیاتی حەماسی، نیشتمانپەروەری، دەروەستبوون بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، داکۆکیکاری مافی گەلەکەی و وەستانەوە لە بەرانبەر زوڵم و نادادپەروەری چاوی لێدەکرێت و ئێستاش شیعرە نیشتمانییەکانی وێردی سەر زمانی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانە.