کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان: سەردەمی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی زۆر نزیک بووەتەوە

09:58 - 9 خەزەڵوەر 2726

دەنی دانۆن، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە وتارەکەی لە کۆمەڵەی گشتیی ئەو ڕێکخراوەدا، هۆشداریی دایە نوێنەری کۆماری ئیسلامی کە ڕێژیمی ئێران لە ئاستی ڕووخاندایە و خەڵکی ئێران بەم زووانە دەرفەتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دەست دەکەوێت.

دانۆن لە وتارەکەیدا ڕووی کردە بەرپرسانی ڕێژیم و وتی: "ئێوە تووشی هەڵەیەکی گەورە بوون. کاتی ئەوە هاتووە ڕاستییەکان ببێنن. لووت‌بەرزییەکەتان دەبێتە هۆی ڕووخانتان؛ زەوی ژێر پێتان لە کوڵاندایە."

ناوبراو هەروەها ڕووی قسەکانی لە خەڵکی ئێران کرد و ڕایگەیاند: "ساتەوەختی ئێوە بە خێرایی نزیک دەبێتەوە و بەمزووانە دەتوانن داهاتووی خۆتان دیاری بکەن."

باڵیۆزی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە کۆماری ئیسلامی دەرفەتی جۆراوجۆری بۆ وازهێنان لە ئیدۆلۆژیی توندئاژۆی خۆی هەبووە بەڵام هەمووی ڕەت کردووەتەوە.

دانۆن جەختی کردەوە کە ئیسرائیل لە بەرانبەر مەترسییەکانی ڕێژیم و ئازارەکانی خەڵکی ئێران بێدەنگ نابێت و داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لە دژی ئەم دەسەڵاتە هەڵوێست بگرن و وتی: "ئیسرائیل لە پەنای خەڵکی ئێران و هەموو ئەو کەسانەدا دەوەستێت کە خوازیاری ئازادی لەو ڕێژیمەن."