کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە یەک مانگ و نیوی دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن

12:48 - 9 خەزەڵوەر 2726

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە پاش یەک مانگ و نیو لە دەسپێکی ساڵی نوێ خوێندن، لە زۆربەی قوتابخانەی شارەکانی کوردستان و ئێراندا کتێبی دەرسی دابەش نەکراوە و بنەماڵەی قوتابییان ناچارن بە شێوەی ئازاد بیانکڕن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە بازاڕی ئازاددا نرخی تەنیا یەک بەرگ کتێبی دەرسی بە سەرووی ٤٠٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت و ئەوەش بارێکی قورسی خستووەتە سەر شانی بنەماڵەی قوتابییان.

لەو ڕاپۆتەکەدا ئاماژە بە دۆخی مامۆستایان کراوە و هاتووە کە لە بارودۆخی گرانی و چوونە سەرەوەی نرخی شتومەک و خۆراکییەکان لە کوردستان و ئێراندا، نێونجیی مووچەی مامۆستایان تەنیا ٢٩میلیۆن و ١٠٠هەزار تمەنە.

 ئەوە لەکاتێکدایە کە هێڵی هەژاری لە کوردستان و ئێران ٨٥ میلیۆن تمەنی تێپەڕاندووە.

یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایان ڕایگەیاند کە لە وەها بارودۆخێکدا ئەگەر مامۆستایەکی زانکۆ یان قوتابخانە بە ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵ پێشینەی مامۆستایەتییەوە ٥٠ بۆ ٦٠ میلیون تمەن مووچەی هەبێ، لەژێر هێڵی هەژاریدایە.

 لەلایەکی دیکەشەوە لە ساڵی نوێی خوێندندا گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و حیراسەتییەکان بۆ سەر ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان و مامۆستایانی چالاک بە دەیان قات زیادی کردووە و هەتا ئیستا ١٢ مامۆستا لەلایەن دادگاکانی دیوانی دادپەروریی ئیداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەندکران و مامۆستایەکیش سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە.

هەروەها لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ١٠ مامۆستا سزای ناڕەوای دەرکردن، بێبەشکردن لە وانەوتنەوە و دوورخستنەوەیان بە سەردا سەپێندراوە.