مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی سوننە مەزهەبی زاهێدان، لە وتاری نوێژی هەینیدا جەختی کردەوە کە تا ئەو کاتەی بەرپرسان وڵامی ئەرێنی بە خواستەکانی خەڵک نەدەنەوە، داواکاری و ئاراستەکردنی ئەم داواکارییانە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ڕاپۆرتی پێگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی پێشنوێژی هەینیی زاهێدان، مەولەوی عەبدولحەمید ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی ئێران بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، دادپەروەری و یەکسانی ڕەنجی زۆریان کێشاوە، ژمارەیەک گیانیان لەدەست داوە و زۆر کەسیش بەند کراون.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ وتی کە خەڵک بۆ کەسێکی دیاریکراو ڕاپەڕینیان نەکرد، بەڵکوو خوازیاری ئازادی، دادپەروەری، نەهێشتنی هەڵاواردن و سپاردنی کاروباری وڵات بە کەسانی شایستە بوون. بە وتەی ئەو، نەهاتنەدی ئەم ئامانجانە بووەتە هۆی ناڕەزایەتی و دەستپێکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان.
مەولەوی عەبدولحەمید هەروەها ڕاگرتنی سێدارەکان و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێی بە خواستێکی سەرەکیی زۆرینەی خەڵک زانی و ڕایگەیاند کە دانپێدانانی زۆرەملێ پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامە و ڕەوتی ئێستای لەسێدارەدانەکانیش هیچ پێگەیەکی لە ئاییندا نییە.
ناوبراو خوازیاری گۆڕانکاریی قووڵ و گەورە بۆ هاتنەدیی ئەم داواکارییانە بوو و جەختیشی لەسەر بەکارهێنانی بەڕێوەبەرانی شایستەی خۆجەیی لە پارێزگاکان، بەتایبەت سیستان و بەلووچستان کردەوە.