کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانکردنی چیای شاهۆ لەلایەن سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە

13:28 - 9 خەزەڵوەر 2726

سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەمڕۆ شەممە ٩ی خەزەڵوەر بە تۆپبارانکردنی چیای شاهۆ و گرتنی ڕێگای کامێران ـــ تیلەکۆ و پشکینی کەلوپەلی کەسیی خەڵک، کەشێکی ترسێنەری دروست کردووە و دەستی بە ئازار و ئەزیەتدانی خەڵک کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتوون، سپای پاسداران گوشاری خستووەتە سەر ئاواییەکانی کامێران و مەڕدارانی دەوروبەری چیای شاهۆ و ئەو ناوچانەی پێ چۆڵ کردوون، هەتا مانۆڕی سەربازیی تێدا بەڕێوە ببات.

بەپێی ئەو زانیارییانە، بەهۆی ئەو مانۆڕە سەربازییەوە، زۆرێک لە لەوەڕگە و ژینگەی ناوچەی کامێران و چیای شاهۆ ئاگری گرتووە و زیانێكی زۆری ژینگەیی لێکەوتووەتەوە.

هەروەها لە ڕێگەی تیلەکۆ ــ کامێران ئەو هێزە تێرۆریستییەی ڕێژیم، خاڵی پشکنینی چڕی داناوە و هەموو ماشینێک دەپشکنن و ئازار و ئەزیەتیی خەڵک دەدەن.

پێشتریش سپای پاسداران بە بەڕێوەبردنی وەها مانۆڕگەلێک، ئازار و ئەزیەتیی خەڵکی شارەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی داوە و هەتا ئێستاش لەو جۆرە مانۆڕ و هەڵسوکەوتانە بەردەوامە.