کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا تۆڕی دارایی "ئەی ٧"ی ڕووسیەی بەهۆی هاوکاریکردنی تاران لە دەوردانەوەی گەمارۆکان سزا دا

14:40 - 11 رەزبەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا تۆڕی دارایی "ئەی ٧" (A7)ی ڕووسیەی وەک "ڕێکخراوێکی تاوانکاریی سەروونەتەوەیی گرنگ" ناساند و سزای بەسەردا سەپاند. واشنگتۆن ڕایگەیاند ئەم تۆڕە، هاوکاریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە دەوردانەوەی گەمارۆکان، فرۆشتنی نەوت و دابینکردنی چەک کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی خەزێنەداری، تۆڕی ئەی ٧ لە ڕێگەی کۆمەڵێک شیرکەتی نێوەندگیرەوە لە وڵاتە جیاوازەکاندا، گواستنەوەی پارەی بۆ دامەزراوەکانی وەک بانکی ناوەندی و سپای تێرۆریستیی پاسداران ئاسان کردووە.

شیرکەتە دەستنیشانکراوەکانی ئەم تۆڕە لە نێوان ژانویەی ٢٠٢٥ تا ژوئەنی ٢٠٢٦، زیاتر لە ١٧ میلیارد دۆلار مامەڵەی داراییان ئەنجام داوە.

دەستەیەک لەم شیرکەتانە نزیکەی ١٤٠ میلیۆن دۆلاریان لە دامەزراوەکانی بەشدار لە دەوردانەوەی گەمارۆکان و "کەشتیگەلی سێبەر"ی ئێران وەرگرتووە و بڕی ١.٦ میلیۆن دۆلاریشیان بۆ کڕینی چەک گواستووەتەوە.

ئەم ڕێکارەی واشنگتۆن بەشێکە لە هەڵمەتی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"ی دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی تاران، کە هاوکات بوو لەگەڵ سەپاندنی گەمارۆیی نوێ بۆ سەر کەرتەکانی ماشینسازی، هێڵی ئاسن و پۆڵای ئێران.