کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێکاریی ژنانی ئیلام ٤٪ لە ئاستی گشتیی ئێران بەرزترە

14:45 - 11 رەزبەر 2726

بەپێی تازەترین ئامارە فەرمییەکان سەبارەت بە بازاڕی کار لە پارێزگای ئیلام، ڕێژەی بێکاریی ژنان لەم ناوچەیە گەیشتووەتە ئاستی مەترسیداری ١٩٪ و ئەم ژمارەیە بە ڕێژەی ٤٪ لە نێونجی بێکاریی ژنان لە سەرانسەری ئێران (کە ١٥٪)‌ـە بەرزترە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە ڕێژەی گشتیی بێکاری لە ئیلام ٩٪ تۆمار کراوە و لە ئاستی ئێراندا ٧.٦٪ـە، کە ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بوونی جیاوازیی قووڵی پێکهاتەیی و ناهاوسەنگی لە ڕەخساندنی دەرفەتی کارە.

ئەم دۆخە نالەبارە لەکاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئاستی خوێندەواری و ئامادەیی کچانی ئیلام لە بەشە زانستی، تێکنیکی و تەندروستییەکان ڕووی لە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو کردووە و لە کەرتی پیشەسازیی دەستکردیشدا بەرهەمی ناوازەیان خولقاندووە.

بەڵام نەبوونی ژێرخانی گونجاو لەگەڵ بازاڕی کار و ئاراستەکردنی سەرمایەگوزارییەکان بەرەو کەرتی نەوت و پترۆشیمی کە پێکهاتەیەکی تەواو پیاوانەی هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆری ژنانی خاوەن بڕوانامە و لێهاتوو ڕووبەڕووی خانەنشینیی ناچاری یان کۆچکردن ببنەوە.

ئەم قەیرانە بووەتە هۆی دروستبوونی گوشاری دژواری ئابووری لەسەر بنەماڵەکان، بەتایبەت ژنانی سەرپەرشتیار و هاوکات بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری و بێهیوایی لە نێو لاواندا لێکەوتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی دەرفەتی دامەزراندن لە پێکهاتەی بەڕێوەبەری و ئابووریی پارێزگادا، ژنانی پسپۆڕ و نوخبەی ناچار بە کۆچکردن بەرەو شارە گەورەکان کردووە، کە ئەنجامەکەی چۆڵبوونی پارێزگاکە لە سەرمایەی هزری و دروستبوونی زیانی ئابووریی بە بنەماڵەکانە.

پسپۆڕانی ئابووری جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەربازبوون لەم قەیرانە پێویستی بە بنبڕکردنی شێوازە نەریتییەکان، دامەزراندنی ناوەندی داهێنان و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی دامەزراندن لە ئاستی بەڕێوەبەریی ئیدارەکاندا هەیە.