لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا سزای سێدارەی لانیکەم ۶۸ بەندکراو بریتی لە ۴ بەندکراوی سیاسی، لە بەندیخانە جیاوازەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە.
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتامبری ۲۰۲۶دا ، سزای سێدارەی لانیکەم ۶۸ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانیکەم ۴ ژن لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
لە سەرجەم ۶۸ بەندکراوی لەسێدارەدراو لە ماوەی مانگی سێپتامبر، تەنیا ۸ حاڵەت واتا ۱۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای بەناو دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە.
هەروەها سزای سێدارەی ۱۰ بەندکراو بە شێوەی نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لەپێش چاوی خەڵک جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۴ بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار بە تۆمەتی وەکوو موحاربە، سیخوڕی بە ناوەکانی حوسێن پێدران، تەمەن ۴۱ ساڵ و خەڵکی ئێسفەهان، تەورات محەممەدی، تەمەن ۴۳ ساڵ و خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان، عەلی هێمەتی سیستانی، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و مەجید نیکئەندیش تەمەن ۲۵ ساڵ و خەڵکی قووچان، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە مەشهەد لە سێدارە دراون.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لەو مانگەدا، سزای ١٩ بەندکراوی فارس، ۱۱ بەندکراوی بەلووچ و ۶ بەندکراوی تورک، ٥ بەندکراوی کورد، ٥ بەندکراوی عەرەب، ٣ بەندکراوی لوڕ، ٣ بەندکراوی گیلەک و مازەن، یەک تورکمان، ٥ ئەفغانستانی و ١٠ حاڵەت کە ناسنامەی نەتەوەییان پشتڕاست نەکراوەتەوە جێبەجێ کراون.