کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازدانی دووبارەی نرخی دراو و زێڕ لە ئێران؛ دۆلار لە ٢٦٧ هەزار تمەن تێپەڕی

15:09 - 11 رەزبەر 2726

لەگەڵ دەستپێکی مامەڵەکانی ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەر، بازاڕی دراو و زێڕ لە ئێران شەپۆلێکی نوێی گرانبوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. بازدانی خێرای نرخی دۆلار و یۆرۆ، هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی زێڕ و سکە، نیشانەی قووڵتربوونەوەی قەیرانی ئابووری و داڕمانی زیاتری بەهای ڕیاڵە لە بەرانبەر ئاڵۆزییە سیاسی و ناوچەییەکاندا.

هاوشان لەگەڵ دەستپێکردنی مامەڵەکانی بازاڕی ئازاد لە ١١ی ڕەزبەردا و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، نرخی دۆلار گەیشتە ٢٦٧ هەزار و ٣٠٠ تمەن تمەن و یۆرۆش بە  ٣٠١ هەزار و ٣١٠ تمەن مامەڵەی پێکرا.

بەمەش نرخی دۆلار تەنیا لە ماوەی پێنج ڕۆژدا زیاتر لە ٢٤ هەزار تمەن (سەووی ١٠٪) بەرز بووەوە.

لە بازاڕی زێڕدا، هەر گرەمێک زێڕی ١٨ عەیار ۲٦ میلیۆن و ٣٩٨ هەزار تمەنی تۆمار کرد و سکەی ئیمامیش ٢٧٢ میلیۆن تمەنی تێپەڕاند.

ئەم نرخانە لەکاتێکدا تۆمار دەکرێن کە بازاڕی دراو بەدەست ناڕوونیی ئاسۆی دانوستانەکانی تاران و واشنگتۆن، ئاڵۆزییە ناوچەییەکان و کەمبوونی سەرچاوە دراوییەکانەوە دەناڵێنێت.

بەپێی شیکارییە ئابوورییەکان، بازدانی دۆلار لە ۲۰۰ هەزارەوە بۆ ٢٦٠ هەزار تمەن تەنیا کەمێک زیاتر لە مانگێکی خایاندووە، کە ئاماژەیە بۆ کورتبوونەوەی مەودای نێوان ڕێکۆردە نوێیەکان.