سەرچاوە سەربازییەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن ڕایانگەیاند کە بە تەواوی پێشڕەویی حوسییەکانیان لە دەورووبەری پارێزگای تەعز لە باشووری ڕۆژاوای یەمەن ڕاگرتووە و زیانی گیانیی قورسیان بە هێزەکانی ئەو گرووپە گەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی میدیا ناوچەییەکان، لە ڕۆژی هەینی ١٠ی ڕەزبەر، بەرەی تەعز لە باشووری ڕۆژاوای یەمەن، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێژدا، بووەتە تەوەری سەرەکیی شەڕی نێوان هێزەکانی دەوڵەتی یاسایی یەمەن و چەکدارانی حوسی.
لەو بەرەیەدا، هێزەکانی حوسی هەوڵیان دا پێشڕەویی خۆیان بەرەو چەند شارێک لە باشووری تەعز درێژە پێ بدەن، بەڵام بە بەرگریی هێزەکانی ئەرتەش و بۆردومانی توندی ئاسمانی، ئەم جووڵانە ڕاوەستان و سەرەڕای ئەوەش، حوسییەکان ئەو پێگانەیان لەدەست دا کە پێشتر دەستیان بەسەردا گرتبوون.
هەروەها هێزی ئاسمانیی یەمەن ٧٥ پەلاماری ئاسمانیی دژی چەکدارانی حوسی بەڕێوە برد کە بە وتەی وتەبێژی فەرمیی ئەرتەشی یەمەن، ئەم هێرشانە کۆبوونەوەکان، ئۆتۆمبێلەکان، کەرەستەکان، هێزە پشتیوانەکان، کۆگاکانی چەک، ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵ و توانای لوجستیکی حوسییەکانیان کردووەتە ئامانج.
ئەم پێکدادانە خوێناوییانەی نێوان هێزەکانی دەوڵەتی یاسایی و بەرگریی جەماوەریی یەمەن لەلایەک، و چەکدارانی گرووپی تێرۆریستیی حوسیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکی ترەوە، لە ژمارەیەک لە ناوچەکان بەردەوام بوو.
لەوبارەیەوە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ڕاگەیاند کە هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن توانیویانە پەلاماری چەکدارانی حوسی بشوێنن و لە چەند بەرەیەکدا لەوانە ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای تەعز، هێرشبەران ناچار بە پاشەکشە بکەن.
لە ئەنجامی ئەم پێکدادانانەدا زیاتر لە ٣٠ کەس لە چەکدارانی حوسی کوژران، زیاتر لە ٥٠ کەس بریندار بوون و ٢٠ کەسی دیکەش کەوتنە دەست هێزەکانی دەوڵەت و بەدیل گیران.
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکانی یەمەن، لە ڕەوتی پێکدادانە تازەکانی بەرەی تەعزدا، بە گشتی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە چەکدارانی حوسی کوژران، کە ئەم ژمارەیە لە پێوەرەکانی شەڕی یەمەندا، بێوێنەیە. جگە لەوەش، زۆرێک لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی حوسییەکان لەو شەڕانەدا لەکار کەوتن و ژمارەیەکی زۆر لە کۆگاکانی چەک و تەقەمەنییان لەنێو براون.