لە بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر بەندکراوانی سیاسی، بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین لە ١١ی ڕەزبەرەوە کارتەکانی تلفۆنی ٩ بەندکراوی سیاسیی ژنیان بەتەواوی لەکار خستووە و لە پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیان بێبەشیان کردوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئەم ژنانە پێشتریش لە ٥ی ڕەزبەرەوە هاوڕێ لەگەڵ ١٤ بەندکراوی دیکە بۆ ماوەی ٣ تا ٩ حەفتە ڕێگری لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان لێ کرابوو.
ئەم بڕیارە نوێیانە لە وڵامی ناڕەزایەتیی بەردەوامی بەندکراوان بەرانبەر هەڵسوکەوتی نەشیاوی هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی گواستنەوەیان بۆ ناوەندە تەندروستی و دادوەرییەکان، کەمکردنەوەی کاتی چاوپێکەوتن، دانانی کامێرا لە ئاودەستەکان و سەپاندنی جلوبەرگی زۆرەملێ دەرکراوە.
پێشتریش "وریشە مورادی"، بەندکراوی سیاسیی کوردی مەحکووم بە سێدارە، بۆ زیاتر لە دوو مانگ لە هەموو پەیوەندییەک بێبەش کرابوو.
هەروەها غەزەڵ مەرزبان جگە لە بێبەشبوونی لە چاوپێکەوتن و تلفۆن، لە وەرگرتنی پەرتووک و کەرەستەی کەسیش بێبەش کراوە.
لەم پەیوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دۆخی بەندکراوانی ئێرانی بە "سەخت و مەترسیدار بۆ ژیان" ناو بردووە و جەختی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیم بێبەشکردنی بەندکراوان وەک ئامرازێک بۆ سزادان بەکار دێنن.
هاوکات واشنگتۆن جەختی لە بەکارهێنانی سەرجەم ئامرازەکان بۆ سزادانی تۆمەتبارانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران کردووەتەوە.