دوناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی تێکشکانی سەخت بووە و بەکردەوە دەستی لە هەوڵەکانی بۆ گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی هەڵگرتووە.
ناوبراو هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری داهاتووی واشنگتۆن و شێوازی چارەسەرکردنی ئەم تەنگژەیە "یان بە ڕێگەیەکی ئاسان دەبێت یان بە ڕێگەیەکی ئەستەم."
لە کاتی بەجێهێشتنی کۆشکی سپی بەرەو ویلایەتی ئۆهایۆ بۆ بەشداری لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا، سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆخی ئێران لەلایەن ئەوەوە دەدرێت.
ترامپ جەختی کردەوە کە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی هێڵی سوور و بڕیارێکی نەگۆڕە، هاوكات ئاماژەی بەوە دا کە هێرشە سەربازییەکانی وڵاتەکەی ئامانجە سەرەکییەکانی پێکاوە و تواناکانی ئێرانی بێهێز کردووە.
ئەم لێدوانانەی ترامپ لەکاتێکدایە کە ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵکشانی سەربازیی نێوان واشنگتۆن و تاران چووەتە هەشتەمین مانگی خۆیەوە.
سەرۆککۆماری ئەمریکا پێشتریش ئاماژەی بەوە دابوو کە دۆخی نێوخۆیی و ئابووریی ئێران لە ئاستێکی ئاڵۆزدایە و ئەگەری هەیە ئەم شەڕە زۆر بە خێرایی کۆتایی پێبێت، بەڵام هاوکات دەرگای بۆ هەموو بژاردە سەربازییەکان بە کراوەیی هێشتووەتەوە.