لە حەفتەی ڕابردوودا ئەرتەشی ئیسرائیل چەندین بەرپرسی باڵا و فەرماندەی سەرەکیی گرووپی تێرۆریستیی حەماس سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەنێو برد و زیانی قەرەبوونەکراوی پێگەیاندوون.
ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند دوو تێرۆریستی کوشتووە کە لە ڕەوتی کوشتاری ٧ی ئۆکتۆبردا چووبوونە خاکی ئیسرائیلەوە، کە یەکێک لەم تێرۆریستانە لە کاتی کوشتاری ٧ی ئۆکتۆبردا چووە ناو کیبووتسی بێئری و بەشداریی لە ڕفاندنی چەند ئیسرائیلییەکدا کردبوو.
هەروەها ئەرتەشی ئیسرائیل لە غەززە هێرشی کردە سەر محەممەد جەماڵ مەحموود ئەبوو شەعیر، فەرماندەی تیمێک لە باڵی سەربازیی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماس و کوشتی.
لە هێرشێکی تردا لە ناوچەی جەبالیا، ئەرتەشی ئیسرائیل موسعەب عەبدولغەلیل ساقب بلابیس، فەرماندەیەکی دیکەی باڵی سەربازیی ڕێکخراوی تێرۆریستیی جیهادی ئیسلامیی فەلەستینی لەنێو برد.
لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە دوای لێکۆڵینەوەیەکی هەواڵگریی درێژخایەن، ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک عێزەدین بەیک، فەرماندەی تیپی باکووری غەززەی باڵی سەربازیی حەماسیان لەنێو بردووە.
ئەو تێرۆریستە بەرپرسیاریەتیی پاراستنی بەدیلگیراوە ئیسرائیلییەکانی لە درێژایی شەڕەکەدا لە ئەستۆ بووە.
عیزەدین بەیک پێش دەستنیشانکردنی وەک فەرماندەی تیپی باکوور لە درێژایی شەڕی «شمشێرە ئاسنینەکان»، بەرپرسیارێتییە جۆراوجۆرەکانی لەوانە فەرماندەیی تیمی ڕۆژاوای جەبالیا و سەرۆکایەتیی ستادی هەواڵگریی سەربازی لە تیپی باکووردا لە ئەستۆ بوو.
ئەرتەشی ئیسرائیل کوشتنی عێزەدین بەیکی بە گرنگییەکی تایبەتی بۆ ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک لە قەڵەم دا و پێداگرییان کرد کە ئەوان بە هەنگاوە یەکلاکەرەوەکانی خۆیان دژی ئەو تێرۆریستانەی کە دەستیان لە کۆمەڵکوژیی ٧ی ئۆکتۆبەردا هەبووە، بەردەوام دەبن.
هاوکات ئەرتەشی ئیسرائیل و شاباک لە شەوی شەممەدا، عەلی ئەلعەموودی، جێگری سەرۆکی نووسینگەی سیاسیی ڕێکخراوی تێرۆریستیی حەماسیان لە غەززە کردە ئامانج.
بەپێی بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیل، تێرۆریست ئەلعەموودی، دەستی ڕاست و یاریدەدەری تایبەتی یەحیا سینوار بووە و لە بڕیارە پەیوەندیدارەکان بە کوشتاری ٧ی ئۆکتۆبردا بەشداریی کردبوو.
شایانی باسە ئەلعەموودی وەک باڵاترین کەسی سیاسیی حەماس لە غەززە دەناسرێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە چالاکییە تێرۆریستییەکانی حەماس و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ئەم گرووپە تێرۆریستییە بۆ شەڕ بەشداریی هەیە.