دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران سزای سێدارە و ۲۰ ساڵ بەندکردنی بەسەر هاووڵاتییەکی بەندکراو لە بەندیخانەی تاراندا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، لقی ۲٦ی دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دوژمنکار لەڕێگەی ڕێگەی ناردنی شوێنی جوغرافیایی هەندێک بنکە"، سزای سێدارەی بەسەر ئەندازیار "محەممەدئەمین ماندەنی"دا سەپاندووە.
دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم هاوکات بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی" سزای ۲۰ ساڵ بەندکرانیشی بەسەر ئەو کەسەدا سەپاندووە.
ئەم هاووڵاتییە لە نەورۆزی ئەوساڵدا و لەگەڵ هەڵکشانی ڕووبەڕووبوونەوە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەسبەسەر کراوە.
ئەم سزایە لەکاتێکدا دەردەچێت کە مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای وەستاندنی دەستبەجێی سزای سێدارەی کردووە بۆ ئەو کەسانەی بە تۆمەتی وێنەگرتن یان ناردنی زانیاری دەسبەسەر دەکرێن و جەختی کردووەتەوە کە هیچ باری نائاسایی و مەترسییەک سەپاندنی سزای لەم جۆرە ڕەوا ناکات.