لە ئاکامی وەرگەڕانی ماشینێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزە کشتوکاڵییەکان لە ڕێگەی سەردەشت- کامێران، ژنە کرێکارێک گیانی لەدەست دا و سێ کرێکاری دیکەش بەسەختی بریندار بوون.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "هێرانا"، ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی داوە کە کرێکارەکان بەمەبەستی کارکردن لە مەزرا کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە بەرەو شوێنی کارەکەیان بەڕێوە بوون.
لە ئاکامی ئەو ڕووداوەدا ژنە کرێکارێک بەناوی "زەهرا مستەفازاده" گیانی لەدەست داوە و سێ کەسی دیکەش، کە لە ئەندامانی بنەماڵە و خزمانی نزیکی بوون، بریندار بوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی بنکە تەندروستییەکان کراون.
وەرگەڕانی ئەم ماشینە لە سەردەشت لە کاتێکدا جێگەی سەرنجە کە ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان ڕوویان لە هەڵکشان کردووە.
چەند ڕۆژ پێشتر و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لە ڕێگەی نەغەدە بۆ پیرانشار، وەرگەڕانی مینیبۆسێکی کرێکارانی وەرزی لە نزیک گوندی "قاڕنێ" بووە هۆی گیانلەدەستدانی کرێکارێک و برینداربوونی ۲۷ کرێکاری دیکە.
شارەزایان و چالاکوانانی مەدەنی جەخت لەوە دەکەنەوە کە نەبوونی ژێرخانی شیاو، جاددە ناستانداردەکان و بەکارهێنانی کەرەستەکانی گواستنەوەی کۆن و مەترسیدار، گیانی کرێکارانی وەرزییان خستووەتە مەترسییەکی بەردەوامەوە.