لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و مانگرتنی چین و توێژە جیاجیاکانی ئێران لەمەڕ بێکاری، پێنەدانی مافی بیمە، دواکەوتنی مووچە، هەڵاواردن و پشتگوێخرانی دواکارییەکانیان بەڕێوە چوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٢ی ڕەزبەر، خانەنشینانی پۆڵا و زەوب ئاهەن بە ئامادەبوون لە بەردەم بینای پارێزگاری ئێسفەهان دەستیان داوەتە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی.
ئەو ناڕازییانە ڕایانگەیاندووە کە لەم دۆخەدا کە کۆمەڵگە لە مافی ژیانی سروشتی بێبەش بووە و لەژێر بار قورسایی گرانی، هەژاری و بێهیواییدایە، بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ئەرخەیانییەوە تەنها سەرنجیان لەسەر مانەوەی خۆیان چڕ کردووەتەوە.
هەروەها خانەنشینانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە بەردەم ئیدارەی گشتیی سازمانی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی خووزستان، لە ناڕەزایەتیی بە بارودۆخی سەختی بژێوی و پێشێلکردنی مافەکانیان کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەدا، خانەنشینانی خووزستانی دروشمی وەک "ئەم هەموو نادادپەروەرییە، قەت لە هیچ نەتەوەیەکدا نەبینراوە" و "بێجگە لە ماف داوای هیچی تر ناکەین، خێری دەوڵەتمان ناوێ" وتراوەتەوە.
هاوکات خوێندکارانی زانکۆی خاجەنەسیر لەمەڕ ناڕەزایەتی بە سزا داسەپاوە ئینزباتییەکان دژ بە خوێندکاران، مانیان گرت.
ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لە مانگرتنی کۆمەڵێک لە خوێندکاران لە زانکۆی بیرکاریی پەردیسی ڕەزایینژادی زانکۆی خاجەنەسیرەدین تووسی، لە ناڕەزایەتی بە سزا نوێیەکانی کۆمیتەی ئینزباتیی وەزارەتی زانست دەکەن.
ئەم کۆبوونەوەیە لەحاڵێکدا ئەنجام دراوە کە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سزای قورسی بێبەشبوون لە خوێندن بۆ ژمارەیەک لە خوێندکاران دەرچووە و جێبەجێکردنی ئەم سزایانە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی خوێندکاران بووەتەوە.