مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند کە دەوڵەتەکەی بە «هاوکاریی خەڵک» ڕێگریی لە هاتنەدیی ئامانجەکانی ئەمریکا لە «شەڕی ئابووری»دا کردووە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە داڕمانی بەهای ڕیاڵی ئێرانی بەردەوامە و نرخی دۆلار لە بازارەکانی تاراندا سنووری ٢٧٠ هەزار تمەنی تێپەڕاند.
پزیشکیان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» ئاماژەی بەوە کرد کە دەوڵەت ئارایشێکی نوێی بۆ بەڕێوەبردنی بارودۆخەکە وەرگرتووە. ناوبراو ئیدیعای کرد کە سەرەڕای زیادبوونی گوشارە ئابوورییەکان و هەوڵەکانی ڕێژیمی ئەمریکا بۆ بڕینی شادەمارە ئابوورییەکانی ئێران، بە مشووری دەوڵەت و هاوکاریی خەڵک ڕێگەیان نەداوە ئامانجەکانی دوژمن لە شەڕی ئابووریدا سەر بگرن.
ئەم ئیدیعایانەی سەرۆککۆماری ڕێژیم لە هەلومەرجێکدایە کە دابەزینی بەهای پارە بەپەلە بەردەوامە؛ بە جۆرێک کە بەهای هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا گەیشتە سەرووی ٢٧٠ هەزار تمەن و یۆرۆش زیاتر لە ٣٠٥ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کرا. ئەم بازدانەی نرخە لەکاتێکدایە کە بانکی ناوەندیی ئێران بەڵێنی وەگەڕخستن تا ئاستی دوو میلیارد دۆلاری بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ داوە ، بەڵام ئەم هەنگاوەش نەیتوانیوە بەر بە بەرزبوونەوەی نرخەکان بگرێت.
هەڵکشانی نرخی دراوە بیانییەکان لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە ٩ی ڕەشەمەی ۱۴۰۴ بەربڵاوتر بووەتەوە و لەو کاتەوە بەهای دۆلار زیاتر لە ٥٣٪ زیادی کردووە. هەروەها لە کاتی کارزاری «ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووری»ی دەوڵەتی دوناڵد ترامپ لە ۲ی خەرمانانی ۱۴۰۵ەوە، بەهای دۆلار زیاتر لە ٣٢٪ زیادی کردووە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە (ئەمڕۆ یەکشەممە ۱۲ی ڕەزبەری ۱۴۰۵)، ئاخری نرخی دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕی ئازاددا لە دەوروبەری ۲۶۹,٥٠٠ تا ۲۷۰,۰۰۰ تمەن مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا بەهۆی بەردەوامی نەبوونی جێگیری لە بازاردا، کەشوهەوای کڕین و فروش بە تەواوی ئاڵۆزە.